چاودێرانی جەنگ و شایەتحاڵێک وتییان هێزە نیمچە سەربازییەکانی سودان کە دژی سوپای سودان شەڕ دەکەن کۆنتڕۆڵی شارۆچکەیەکی دارفووری باشووری سودانییان کردووە، ئەوەش بووەتە هۆی شەڕ و پێکدادان و تاڵانکاری و شەپۆلێکی دیکەی ئاوارەبوونی هاووڵاتییان.
بەپێی سیستمێکی بەدواداچوونی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزە نیمچە سەربازییەکان و سوپای سودان لە دەوروبەری شارۆچکەی کاسدا بووەتە هۆی 5000 خێزان هەڵبێن، هەندێکییان لە کامپەکانی ئاوارەکانەوە هەڵاتوون.
هەڵگیرسانی جەنگەکەی نێوان سوپا و هێزە نیمچە سەربازییەکانی سودان لە خەڕتومی پایتەخت بووەتە هۆی زیادبوونی بەرچاویی توندوتیژییەکان و ئاوارەبوون لە دارفوردا، دارفور بنکەی سەرەکی هێزە نیمچە سەربازییەکانە و ناوچەیەکە کە لە مێژە بە دەست ململانێکانەوە دەناڵێنێت.
ڕۆژی یەکشەممە هێزە نیمچە سەربازییەکان ڕایگەیاند دەستی گرتووە بەسەر بنکەیەکی سەربازیی سوپای سوداندا لە کاس، دەستی گرتووە بەسەر ئوتومبێل و چەکەکاندا و 30 سەربازیشی دەستگیرکردووە.
گروپی دەستەی دارفور بار، کە گروپێکی چالاکەوانەکانە و چاودێری جەنگەکە دەکات، سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کاسی کرد لەلایەن " هێزە نیمچە سەربازییەکانەوە " کە بووەتە هۆی تاڵانکاری و دزیکردن لە شارۆچکەکەدا.
شایەتحاڵێک بە ناوی ئەلفەدیل محەمەد بە ڕۆیتەرزی وت شەڕ و پێکدادانێکی توند هەبوو لە شارۆچکەکەدا، بەهۆی شەڕەکەوە لانیکەم سێ کەس کوژراون و دانیشتوانیش بەرەو ڕۆژهەڵات هەڵاتوون.
ڕێکخراوێکی چاودێری جەنگەکەی سودان کە بنکەکەی لە ئەمەریکایە، وتی لە ناوەڕاستی مانگی چوارەوە تاوەکو ئێستا هێزە نیمچە سەربازییەکان و هاوپەیمانەکانی گوایە لانیکەم 26 کۆمەڵگەیان لە دارفور لە ناوبردووە، لانیکەم 668,000 هاووڵاتییان ناچار کردووە ئاوارە ببن.
جەنگەکەی ناو سودان بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 3 ملیۆن هاووڵاتی و 700,000 هاووڵاتیش بەرەو وڵاتانی دراوسێی سودان هەڵاتوون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز