ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی سودان دەڵێن بەڵگەیان لە بەردەستدایە لەسەر ئەوەی کە هێزە نیمچە سەربازییەکانی سودان زیاتر لە 5000 کەسییان لە خەڕتومی پایتەخت دەستبەسەرکردووە و لە دۆخێکی نامرۆییدا گرتوویانن.
ماوەی سێ مانگە هێزە نیمچە سەربازییەکانی سودان دژی سوپای سودان شەڕ دەکەن، خەڕتومی پایتەختییان کۆنتڕۆڵ کردووە، دانیشتوانی شارەکە هێزەکەیان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی تاڵانکردن و داگیرکردنی ماڵەکان.
کاتێک داوای لێکرا لێدوان لەسەر ئەو هەواڵانە بدات، نوێنەرێکی هێزە نیمچە سەربازییەکانی سودان وتی ئەو ڕاپۆرتانە ڕاست نین، وتیشی تەنها دیلی جەنگییان دەستبەسەرکردووە و بە باشیش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
نوێنەرەکە وتی " ئەم ڕێکخراوانە ئەو پێشێلکارییانەیان پشتگوێ خستووە کە لەلایەن سوپاوە دژی هاووڵاتیانی سڤیل ئەنجام دەدرێن، لەوانەش هێرشە ئاسمانییەکان و بۆردومانەکان و تەقینەوە و پڕچەککردنی هاووڵاتییانی سڤیل."
ڕێکخراوەکان وتییان لە نێو ئەوانەی دەستبەسەرکراون لە چەندین شوێندا لە سەرانسەری خەڕتوم، سەربازیشییان تێدایە، بەڵام 3500 هاووڵاتی سڤیلیشیان تێدایە بە ژن و هاووڵاتیانی بیانیشەوە. ڕێکخراوەکان داوایان کرد ناوی گروپەکەیان ئاشکرا نەکرێت، ئەوەش بەهۆی ترسیانەوە لە تۆڵەکردنەوە لێیان.
گروپەکە وتیشی بەڵگەی دۆسییەکانی کوشتن لە ژێر ئەشکەنجەدان و سوکایەتی پێکردن و بارودۆخی نامرۆیی زیندانەکان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەخاتە ڕوو.
ڕۆژی پێنجشەممە ئۆفیسی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی لانیکەم 87 کەس لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا لە شاری ئەل جینینای دارفور نێژراون، هێزە نیمچە سەربازییەکان و میلیشیا هاوپەیمانەکانی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی کوشتنی هاووڵاتییان، هێزەکانیش ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەنەوە.
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند لێکۆڵینەوە لە کوشتارییەکان دەکات لە سەرانسەری ناوچەکەدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز