وەزارەتی تەندروستی سودان دەڵێت بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی سوپای سودانەوە بۆ سەر ڕۆژئاوای ئومدورمان لانیکەم 22 کەس کوژراون، ئەمە لە کاتێکدا کە جەنگەکەی نێوان دوو لایەنە سەربازییەکەی سودان چووە دوانزەیەمین هەفتەیەوە.
لە کاتێکدا کە هێزە نیمچە سەربازییەکان بە خێرایی زاڵ بوون بەسەر خەڕتوم و شارەکانی ئومدورمان و بەهریدا، سوپای سودان دەستیکردووە بە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی و بۆردومان کردن.
شەڕەکەی ناو سودان کە تاوەکو ئێستا هیچ هەوڵێکی نێوەندگری سەرکەتوو نەبووە لە چارەسەرکردنیدا، مەترسی ئەوەی دروست کردووە وڵاتەکە ڕابکێشێتە نێو شەڕێکی ناوخۆی بەرفراوانترەوە، کارەکتەرەکانی ناوخۆ و دەرەوەی سودان ڕابکێشێتە جەنگەکەوە.
بەپێی وەزارەتی تەندروستی فیدڕاڵی سودان، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە تاوەکو ئێستا 1133 کەس کوژراون، شەڕەکە لە پایتەخت و هەرێمەکانی کۆردۆفان و دارفور سەختترین بووە، شەڕەکە لە دارفور بووەتە هۆی دروستبوونی توندوتیژی نەژادییش.
زیاتر لە 2.9 ملیۆن هاوڵاتی ئاوارە بوون، نزیکەی 700,000 کەسی دیکە هەڵاتوون بۆ وڵاتەکانی دراوسێی سودان.
بەپێی ڕێکخراوە مرۆییەکان، شەڕەکە بووەتە هۆی زیادبوونی بەرچاوی دەستدرێژیکردنە سەر کچان و ژنان و ڕفاندنییان.
لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا شەڕەکە لە ئۆمدورمان سەخت بووە، لە کاتێکدا کە ڕۆژئاوای شارەکە ڕێگەی سەرەکی گەیشتنی پشتیوانییەکانە لە دارفورەوە بۆ هێزە نیمچە سەربازییەکان.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز