Accessibility links

چاوەڕوان دەکرێت ئەمەریکا دەرزی سێهەمی ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا بۆ هەندێک لە ئەمەریکاییەکان پەسەند بکات


چاوەڕوان دەکرێت بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا (FDA) مۆڵەتی دەرزی سێهەمی کۆڤید-19 بۆ هەندێک کەسی کە سیستمی بەرگرییان لاوازە پەسەند بکات.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن ڕەنگە FDA بە زووترین کات دەرزی سێهەمی ڤاکسینی فایزەر یان مۆدێرنا پەسەند بکات. پانێلێکی ڕاوێژکاری نێوەندی ڕێگەگرتن و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان(CDC ) ڕۆژی هەینی کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی دەرزی سێهەمی کۆڤید-19 بۆ ئەو کەسانەی کە بەرگری لەشیان لاوازە.

زانایان بەم دواییانە دەستیان بە تاوتوێکردنی ئەو بابەتە کرد کە ئایا بەشێکی تری ئەو ڤاکسینانەی کە بە دوو بەش لێدراون پێویست دەکات یان نا بە تایبەتی بۆ هەندێک خەڵکی کە نەخۆشییان لەگەڵدایە یان کۆئەندامێکی جەستەیان چێندراو یان نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە. لێکۆڵینەوەیەکی ئەم دواییانەی زانکۆی جۆنس هۆپکنس دەریدەخات زۆربەی ئەو نەخۆشانەی کۆئەندامی جەستەیان چێندراوە بەرگریی لەشیان نییە یان زۆر کەمە سەرەڕای وەرگرتنی هەردوو بەشی ڤاکسینەکان، بەڵام دەرزی سێهەم بەرگرییان بەرزکردووەتەوە.

نزیکەی 3 بۆ 9 ملیۆن ئەمەریکایی سیستمێکی بەرگری لاوازیان هەیە.

هاوکات CDCپێشنیازیش دەکات هەموو ژنە دووگیانەکانیش ڤاکسینێکی دژ بە کۆڤید وەربگرن. ئاژانسەکە ڕۆژی چوارشەممە، پاش بڵاوکردنەوەی ئەو زانیاریانەی کە نیشان دەدات ژنی دووگیان پاش وەرگرتنی ڤاکسینەکان دووچاری مەترسی لەبارچوون نابنەوە، داوای کرد بەلایەنیکەم یەک بەشی ڤاکسینەکە وەربگرن.

دکتۆر ڕۆچڵ واڵێنسکی سەرۆکی CDCلە بەیاننامەیەکی نوسراودا گوتی زۆر گرنگە ڤاکسینەکان زیاد بکرێن لە کاتێکدا " ڕووبەڕووی جۆری دێڵتا دەبینەوە کە زۆر خێرا دەگوازرێتەوە." تەنها لە سەدا 23 ی ژنانی دووگیان لە ئەمەریکا ڤاکسینی دژ بە کۆڤید-19یان وەرگرتووە.

ڕۆژی چوارشەممەش کالیفۆرنیا بوو بە یەکەم ویلایەتی ئەمەریکا کە بڕیار بدات مامۆستایان و کارمەندانی قوتابخانەکان یان دەبێت دژ بە کۆڤید-19 کوترابن و یان پێویستە هەفتانە پشکنین ئەنجام بدەن.

فەرمانڕەوای ویلایەتەکە گاڤین نوسەم گوتی ئەو بڕیارە نوێیە خوێندنگە حکومی و تایبەتەکانی سەرانسەری ویلایەتەکە دەگرێتەوە. بڕیارەکەش مامۆستا، یاریدەدەری مامۆستا، شوفێری پاش، کارمەندانی کافیتێریای خوێندنگەکان و خۆبەخشەکانیش دەگرێتەوە.

ئەم بڕیارەی نوسەم لەلایەن سەرۆکی سەندیکای مامۆستایانی کالیفۆرنیاوە پشتیوانی لێکرا.

XS
SM
MD
LG