سوپای چین دەڵێت " ئەرکە جۆراوجۆرەکانیان لە دەوروبەری تایوان تەواو کردووە "، بەڵام ئەرکی ئێشکگری ئاسایی جێبەجێ دەکەن.
وەکو وەڵامێکی ناڕەزایی بۆ سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بۆ تایوان، چین گەورەترین مەشقی سەربازیی لە دەوروبەری تایوان ئەنجامدا کە بە خاکی خۆی دەزانێت.
مەشقە سەربازییەکانی هەفتەی ڕابردووی چین لە نزیک تایوان هەڵدانی موشەکیشی تێدابوو بەسەر تایواندا، هەروەها مەشقی هێرشی دەریایی و ئاسمانیشیان ئەنجامدا.
سەرکردایەتی سەربازیی ڕۆژهەڵاتی چین گوتی مەشقە سەربازییە هاوبەشەکان لەنزیک تایوان " کۆمەڵێک ئەرکییان بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە و بەشێوەیەکی کاریگەر توانای شەڕکردنی هێزەکانیان تاقیکردۆتەوە."
گوتیشی " هێزەکان بەردەوام چاوییان لەسەر گۆڕانکارییەکان دەبێت لە بارودۆخی تەنگەی تایواندا، هەروەها بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی مەشق و ئامادەکاری بۆ شەڕکردن و ڕێکخستنی ئەرکی ئێشکگری بە ئاڕاستەی تەنگەی تایوان، لە کۆتاییشدا ئامادە دەبن بۆ بەرگریکردن لە سەروەری خاک و نیشتیمانی وڵاتەکە."
لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی ئەمەریکا ناکرێت ڕێگە بدات بە چین ئەم ئاستە نوێیەی فشارەکانی بۆ سەر تایوان بکاتە شتێکی ئاسایی.
پیڵۆسی گوتی " ئەوەی بینیمان لەگەڵ چیندا ئەوەیە کە ئەوان هەوڵ دەدەن بارودۆخێکی ئاساییەکی نوێ دروست بکەن، ئێمەش ناتوانین ڕێگە بدەین ئەوە ڕووبدات."
بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا وتی سوپای ئەمەریکا لە هەفتەکانی داهاتوودا بەردەوام دەبێت لە تێپەڕبوونی ڕۆتینی خۆی بە تەنگەی تایواندا، حکومەتی ئەمەریکا دەڵێت تەنگەی تایوان ڕێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتییە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز