Accessibility links

بورکینا فاسۆ ڕێککەوتنی یارمەتی سەربازیی ساڵی 1961 لەگەڵ فەڕەنسادا هەڵدەوەشێنێتەوە


بورکینا فاسۆ ڕێککەوتنێکی یارمەتی سەربازیی لەگەڵ فەڕەنسادا هەڵوەشاندەوە کە لە ساڵی 1961 دا لە نێوان دوو وڵاتەکەدا واژۆ کراوە، ئەم بڕیارەش چەند هەفتەیەک دوای ئەوە دێت حکومەتی بورکینا فاسۆ داوای لە باڵیۆزی فەڕەنسا و هێزەکانی فەڕەنسا کرد وڵاتەکە جێبهێڵن.

وەزارەتی دەرەوەی بورکینا فاسۆ بە حکومەتی فەڕەنسای وت وڵاتەکە " ڕێککەوتنی یارمەتی تەکنیکی سەربازیی هەڵدەوەشێنێتەوە کە لە 24 ی مانگی چواری ساڵی 1961 دا لە پاریس واژۆ کراوە."

ڕێککەوتنەکە لەو کاتەدا لە نێوان حکومەتی فەڕەنسا و کۆماری ئوپەر ڤۆڵتادا واژۆ کرا، پێشتر بورکینا فاسۆ بەو ناوەوە دەناسرا و تازە ببووە وڵاتێکی سەربەخۆ.

ڕێککەوتنەکە یەکێکە لە بنەما یاساییەکان بۆ بوونی سوپای فەڕەنسا لەو وڵاتەدا و یارمەتیدانی بورکینا فاسۆ لە ڕووبەڕووبوونەوەی جیهادییەکانی وڵاتەکەدا.

لە نامەیەکدا کە ڕۆژی چوارشەممە دەست دەزگای هەواڵی فرانس پرێس کەوتووە، وەزارەتەکە دەڵێت بورکینا فاسۆ یەک مانگی داوە بە فەڕەنسا " تاوەکو سەرجەم سەربازەکانی سوپای فەڕەنسا وڵاتەکە جێبهێڵن."

بڕیارەکە پەیوەندییەکانی نێوان فەڕەنسا و بورکینا فاسۆ خراپتر دەکات، کە لە دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو سوپای بورکینا فاسۆ سەرۆکی هەڵبژێردراوی وڵاتەکەی دوورخستەوە، پەیوەندییەکان گرژییان تێکەوت.

وڵاتانی ناوچەی ساحیل بە بورکینا فاسۆ و مالیشەوە ڕووبەڕووی گروپە چەکدارییە جیهادییەکان بوونەتەوە و قەیرانێکی گەورەی لە وڵاتانەدا دروست کردووە، بە تەنها لە بورکینا فاسۆ بەهۆی شەڕی نێوان سوپا و جیهادییەکانەوە هەزاران کەس کوژراون و زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە وڵاتەکە هەڵاتوون.

توڕەییەکان لەسەر شکستی سوپای بورکینا فاسۆ لە دوورخستنەوەی گروپە چەکدارییەکاندا بووە هۆی ئەوەی ساڵی ڕابردوو دوو کودەتا ئەنجام بدرێت.

ڕۆژی چوارشەممە چەند هەزار خۆپیشاندەرێک لە دیاپاگای پایتەختی هەرێمی تاپۆوای ڕۆژهەڵاتی بورکینا ناڕەزاییان دەربڕی و داوای ئاسایشێکی باشترییان کرد.

خۆپیشاندانەکە دوای هێرشەکەی ڕۆژی یەکشەممە هات کە کرایە سەر گوندێکی نزیک هەرێمەکە و دانیشتوانی ناوچەکە و سەرچاوەکانی ئاسایش وتیان سێ کەس لەو هێرشەدا کوژراون.

خۆپیشاندەران حکومەتییان تۆمەتبار کرد بەوەی هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە بۆ هێرشەکە و دەڵێن هێزەکانی ئاسایش پێش هێرشەکە ناوچەکەیان چۆڵ کردووە.

خۆپیشاندەرێک وتی " ناکرێت لە ژێر بەزەیی تیرۆریستاندا بەجێبهێڵدرێین."

لە 18 ی مانگی یەکدا، بورکینا داوای لە فەڕەنسا کرد باڵیۆزەکەی لە وڵاتەکە بکشێنێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی باڵیۆزەکەی فەڕەنسا لێدوانی لەسەر کێشە ئاسایشییەکانی وڵاتەکەدا. باڵیۆزەکە کشێندرایەوە.

هەروەها یەک مانگی داوەتە فەڕەنسا تاوەکو سەرجەم هێزە تایبەتەکەی کە لە 400 سەرباز پێکهاتوون و لە نزیک پایتەخت جێگیرکراون بکشێنێتەوە. مانگی ڕابردوو ئاڵای فەڕەنسا لە بنکەکەدا نزم کرایەوە.

ساڵی ڕابردوو فەڕەنسا سەرجەم هێزەکانی لە مالی کشانەوە، ئەوەش دوای زیادبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنجومەنی سەربازی مالی و ڕووسیاوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG