Accessibility links

حکومەتی سەربازی بورکینافاسۆ داوا دەکات هێزەکانی فەڕەنسا وڵاتەکە جێبهێڵن


کەناڵی تەلەفیزیۆنی بورکینافاسۆ لە زاری دەزگای هەواڵی ناوخۆوە بڵاویکردەوە حکومەتی سەربازی بورکینا فاسۆ داوای کردووە هێزەکانی فەڕەنسا وڵاتەکە جێبهێڵن.

تاوەکو ئێستا هیچ کام لە حکومەتی فەڕەنسا و حکومەتی بورکینا فاسۆ لێدوانییان لەسەر ئەو بابەتە نەداوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە حکومەتی سەربازی بورکینا فاسۆوە ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردەوە کە گوایە بورکینا فاسۆ داوای کردووە هێزەکانی فەڕەنسا ئەو وڵاتە جێبهێڵن، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.

کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئاڕ تی بی بورکینافاسۆ لە زاری دەزگایەکی هەواڵی ناوخۆوە بڵاویکردەوە حکومەتی سەربازی بورکینافاسۆ لە 18 ی مانگی یەکدا ڕێککەوتنێکی سەربازیی هەڵوەشاندۆتەوە کە ڕێگەیداوە هێزەکانی فەڕەنسا لە وڵاتەکەدا بمێننەوە. وتیشی فەڕەنسا یەک مانگی لە بەردەستدایە بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی لە بورکینا فاسۆ.

لە دوای کودەتا سەربازییەکەی مانگی نۆی ساڵی 2022 ەوە لە بورکینافاسۆ، ئەم بڕیارە نیشانەیەکە لە خراپتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان فەڕەنسا و ئەو وڵاتە. هەندێک لە گرژییەکان بەهۆی ئەوەوەیە کە دەوترێت بوونی هێزەکانی فەڕەنسا لە بورکینافاسۆ دۆخی ئاسایشی وڵاتەکەی باشتر نەکردووە.

ڕۆژی هەینی لە پایتەختی بورکینافاسۆ سەدان کەس خۆپیشاندانییان دژی فەڕەنسا ئەنجامدا و دروشمی دژ بە فەڕەنسایان دەوتەوە و داوایان دەکرد سوپای فەڕەنسا وڵاتەکە جێبهێڵێت.

جێی ئاماژەیە فەڕەنسا نزیکەی 400 سەربازی هێزی تایبەتی لە بورکینافاسۆدا هەیە و یارمەتی هێزە ناوخۆییەکان دەدەن لە شەڕیاندا دژی ئیسلامییە توندڕەوەکان کە لە 10 ساڵی ڕابردوودا لە مالییەوە پەرەیان سەندووە بە ناو سەرانسەری ناوچەی ساحیلدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG