Accessibility links

بورکینا فاسۆ پشتڕاستی دەکاتەوە داوای لە فەڕەنسا کردووە هێزەکانی لە وڵاتەکەدا بکشێنێتەوە


حکومەتی بورکینا فاسۆ ڕوونیکردەوە داوای لە فەڕەنسا کردووە لە ماوەی مانگێکدا هێزەکانی لە بورکینا فاسۆ بکشێنێتەوە.

فەڕەنسا نزیکەی 400 سەربازی هێزی تایبەتی لە بورکینا فاسۆدا هەیە کە لە ئێستادا حکومەتێکی سەربازی ئەو وڵاتە بەڕێوە دەبات، بەڵام لەم چەند مانگەی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە گرژییان تێکەوتووە.

وتەبێژی حکومەتی بورکینا فاسۆ جین ئیمانوێل ئویدراوگۆ بە ڕادیۆی و تەلەفیزیۆنی دو بورکینای وت " ئەو ڕێککەوتنە هەڵدەوەشێنینەوە کە تیایدا ڕێگە بە هێزەکانی فەڕەنسا دەدات لە بورکینا فاسۆدا بن."

وتی " ئەمە کۆتایی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی نێوان بورکینا فاسۆ و فەڕەنسا نیە."

وتیشی " هەڵوەشاندنەوەکە شتێکی ئاساییە و لە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەدا باسی لێوە کراوە."

وتی حکومەتی سەربازی و سەرجەم وڵاتەکە " دەیانەوێت ئەکتەری سەرەکی بن لە دووبارە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانماندا." پێشتریش کاپتن ئیبراهیم تراورێی سەرکردەی کودەتا سەربازییەکەی بورکینا فاسۆ داوای کردبوو کۆنتڕۆڵکردنەوەی خاکە بەرفراوانەکان کە لە ژێر دەستی جیهادییەکاندان ئەرکی سەرەکی وڵاتەکە بێت.

دەزگای هەواڵی فرانس پرێس ڕۆژی یەکشەممە کۆپییەکی ئەو نامەیەی وەزارەتی دەرەوەی بورکینا فاسۆی دەستکەوت کە ڕێکەوتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی چوارشەممە و ناردوویەتی بۆ پاریس و تیایدا داوا دەکات " ڕێککەوتنەکە هەڵبوەشێننەوە و بە تەواوەتی دایبخەن."

ڕۆژی یەکشەممە سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن وتی پاریس چاوەڕێی ڕوونکردنەوە دەکات لە بورکینا فاسۆ سەبارەت بە کشانەوەکە.

لە مانگی نۆدا سوپای بورکینا فاسۆ دەسەڵاتی وڵاتەکەی گرتە دەست و لەو کاتەوە چەندین خۆپیشاندان ئەنجام دراون و تیایدا داوا کراوە باڵیۆزی فەڕەنسا و هێزەکانی فەڕەنسا ئەو وڵاتە جێبهێڵن.

لە مانگی 10 دا خۆپیشاندەرانی بورکینا فاسۆ هێرشییان کردە سەر ناوەندێکی کلتوری فەڕەنسا لە پایتەختی بورکینا فاسۆ.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG