Accessibility links

ماکرۆن کۆتایی بە ئەرکە سەربازییەکەی فەڕەنسا دەهێنێت لە ئەفریقا


سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن
سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن ڕایگەیاند فەڕەنسا کۆتایی بە ئەرکی سەربازیی بارخان دەهێنێت لە ئەفریقا کە زیاتر لە 10 ساڵە هێزەکانی فەڕەنسا بەپێی ئەو ئەرکە دژی جیهادییەکانی ئەفریقا شەڕ دەکەن، وتی کار لەسەر ستراتیژییەکی نوێ دەکەین لەگەڵ هاوبەشە ئەفریقییەکانماندا.

ڕاگەیاندنەکە لە میانەی وتارێکیدا بوو کە تیایدا باسی لە ستراتیژی فراوانی فەڕەنسا کرد، ماکرۆن لە وتارەکەیدا تیشکیشی خستەسەر ڕێگری ئەتۆمی فەڕەنسا و پەیوەندییەکانی فەڕەنسا لەگەڵ ئەڵمانیا و بەڕیتانیا.

ماکرۆن باسی لە ئەرکە سەرەکییە بەرگرییە ستراتیژییەکانی فەڕەنسا کرد لە ئەوروپا و ئەفریقادا. وتی " بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانماندا بڕیارمدا ئەمڕۆ بە فەڕمی کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنی بارخان ڕابگەیەنم."

وتیشی ئەم هەنگاوە " دەرەنجامی ئەوە بووە کە لەم چەند مانگەی ڕابردوودا بینیومانە "، لە ماوەی نیوەی ساڵی داهاتووشدا کار لەسەر ستراتیژییەکی نوێ دەکەین.

ماکرۆن وتی " پشتیوانییە سەربازییەکانمان بۆ وڵاتانی ئەفریقا بەردەوام دەبێت، بەڵام بەپێی ئەو بنەمایانەی کە بەوانمان وتووە."

لەم ساڵدا ماکرۆن هێزەکانی فەڕەنسای لە مالی کشاندەوە، ئەوەش دوای ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ فەرمانڕەوا سەربازییەکانی مالیدا تێکچوون.

نزیکەی 3000 سەربازی فەڕەنسی لە بورکینا فاسۆ و چاد و نایجەر ماونەتەوە. هیچ پلانێک نیە بۆ کەمکردنەوەی ئەو ژمارەیە.

ماکرۆن وتیشی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گفتوگۆ دەکرێت لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقا و ڕێکخراوەکانی ناوچەکە و هاوپەیماناندا بۆ " گۆڕینی دۆخ و شێواز و ئەرکی " بنکەکانی فەڕەنسا لە ئەفریقا.

وتی " دەستوەردانەکانمان دەبێت لە سەرەتاوە سنوورێکی کاتیی باشترییان بۆ دابندرێت. ئێمە نامانەوێت بۆ ماوەیەکی نادیاریکراو لە ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەدا بمێنینەوە."

ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی فەڕەنسا لە ئەفریقا لە ساڵی 2013 دا دەستییان پێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی جیهادییەکان زۆربەی باکووری مالییان کۆنتڕۆڵ کردبوو، بەڵام دواتر بە پشتیوانی فەڕەنسا مالی توانی ئەو ناوچانە بگرێتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG