ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە هەوڵێکی نوێیدا بۆ ئاگربەستێک لە غەززە تاوەکو قەیرانی برسێتی لە غەززە دووربخاتەوە، هاوکات داوای لە ئیسڕائیل کردووە دەستبەرداری پلانەکانی بێت بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی زەمینی لە ڕەفەحی باشووری غەززە، کە دوایین پەناگەی زیاتر لە نیوەی دانیشتوانە ئاوارەبووەکەی کەرتی غەززەیە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕایگەیاند گەشتێک دەکات بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ماوەی سەردانەکەیدا لەگەڵ ڕابەرانی سعودیە و میسڕدا کۆدەبێتەوە و " تاوتوێی نەخشەیەکی ڕاست دەکەن بەرەو ئاشتییەکی بەردەوام." بەڵام بلینکن ئاماژەی بەوە نەدا دەچێت بۆ ئیسڕائیل یاخود نا، وەزارەتی دەرەوەی ئیسڕائیلیش وتی هیچ ئاگادارییەکی بە دەست نەگەیشتووە بۆ ئامادەکاریکردن بۆ سەردانی بلینکن.
شەوی ڕابردوو لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلدا لە ڕەفەح 14 کەس کوژران، زیاتر لە نیوەی 2.3 دانیشتووەکەی غەززە لە دەست بۆردومان و هێرشەکانی ئیسڕائیل لە باکوور و ناوەڕاست و باشوورەوە هەڵاتوون بۆ ڕەفەحی باشووری غەززە کە دەکەوێتە سەر سنووری میسڕ.
یەکێک لە هاووڵاتییان لە ڕەفەح ئیبراهیم حەسونا وتی " پشتیوانی ئەمەریکا هەیە، پشتیوانی ئەوروپا هەیە و پشتیوانی هەموو جیهان هەیە بۆ ئیسڕائیل، پشتیوانییان دەکەن بە چەک و فڕۆکەکان. گاڵتەمان پێدەکەن و سێ بۆ چوار یارمەتی لە ئاسمانەوە بەردەدەنە خوارەوە بەس بۆ ئەوەی ڕووی خۆیان بپارێزن."
جەنگەکە کە بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل دەستیپێکرد، ئێستا گەیشتووەتە شەشەم مانگییەوە.
بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیل، لەو هێرشانەی حەماسدا بۆ سەر ئیسڕائیل نزیکەی 1200 کەس کوژراون و 253 کەسی دیکە لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران.
بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینییەکان دەڵێن تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە نزیکەی 32,000 کەس کوژراون، باوەڕوایە هەزاران کەسیش لە ژێر داروپەردبووی بیناکاندا گیانییان لە دەستدا بێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز