Accessibility links

شۆڵز دەڵێت هێرشکردنە سەر ڕەفەح ئاشتی لە ناوچەکە ' زۆر قورس ' دەکات


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز دوابەدوای گفتوگۆکانی لەگەڵ پاشا عەبدوڵای ئوردندا وتی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی سڤیل بەهۆی هێرشێکی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر ڕەفەحی باشووری غەززە ئاشتی لە ناوچەکەدا " زۆر قورس " دەکات.

وتیشی لە ماوەی گەشتەکەیدا بۆ ناوچەکە، ئەمە بابەتی سەرەکی گفتوگۆکانی دەبێت لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهودا.

گفتوگۆ بەپەلەکان دوای ئەوە دێت ڕۆژی هەینی ئیسڕائیل پلانەکانی بۆ هێرشکردنە سەر ڕەفەح پەسەند کرد، کە زیاتر لە نیوەی 2.3 ملیۆن دانیشتووەکەی غەززە ڕوویان تێکردووە و وەکو پەناگە بەکارییان هێناوە.

شۆڵز دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ پاشا عەبدوڵادا لە عەقەبەی ئوردن وتی " ئێستا کارەکە ئەوەیە بگەین بە ئاگربەستێکی درێژخایەن. ئەوە وادەکات بتوانین ڕێگری بکەین لە ڕوودانی هێرشێکی زەمینی لەوجۆرە."

کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا ئامادەیە فشار بخاتە سەر نەتانیاهو تاوەکو ئەو هێرشە ئەنجام نەدات، شۆڵز وتی " ئەوە زۆر ڕوونە کە ئێمە دەبێت هەرچی لە تواناماندا بێت بیکەین بۆ ئەوەی دۆخەکە لەمە خراپتر نەبێت."

وتی " ئیسڕائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات، لە هەمان کاتدا نابێت ئەوانەی لە غەززەن و هەڵاتوون بۆ ڕەفەح ڕاستەوخۆ بکەونە ژێر مەترسیی ئەو کردەوە سەربازیی و ئۆپەراسیۆنانەی کە لەوێ ئەنجام دەدرێن."

ئیسڕائیل دەڵێت ڕەفەح یەکێکە لە دوایین ئەو ناوچانەی غەززە کە هێشتا حەماسی تێدایە، بەڵێنیشیداوە حەماس لە ناوببات و هاووڵاتییانی سڤیل لە شارەکەدا بگوازێتەوە.

شۆڵز ڕاستەوخۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی نەدایەوە سەبارەت بەوەی ئایا ئەڵمانیا کاردانەوەی دەبێت بۆ هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ڕەفەح یاخود نا، بۆ نموونە لە ڕێی سنووردارکردنی هەناردەکردنی چەکەوە بۆ ئیسڕائیل.

ئەڵمانیا شان بە شانی ئەمەریکا یەکێک بووە لە سەرەکیترین هاوپەیمانەکانی ئیسڕائیل، بەردەوام پشتگیری ئیسڕائیلی کردووە لە مافەکانیدا بۆ بەرگریکردن لە خۆی، تیشکی خستووەتە سەر ئەرکی ئەڵمانیا بۆ وەستان لە پاڵ ئیسڕائیلدا وەکو قەرەبووکردنەوەیەک بۆ هۆڵۆکۆستی نازییەکان کە تێیدا 6 ملیۆن هاووڵاتی جوو کوژران.

بەڵام حکومەتی ئەڵمانیا ڕووبەڕووی فشار بووەتەوە، لەلایەن ئەو جووانەشەوە کە لە ئەڵمانیا دەژین، دەڵێن نابێت ئەڵمانیا بەس لەبەر ئەوەی هەست بە تاوان دەکات بەرامبەر جووەکان وەڵامی نەبێت بۆ کارەکانی ئیسڕائیل لە غەززە.

سەرۆک وەزیری مالیزیا ئەنوەر ئیبراهیم هەفتەی ڕابردوو لە ماوەی سەردانێکیدا بۆ بەرلین ئەوروپای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی " دووڕوویی " و جیاوازیی لە نیگەرانییەکانییاندا بەرامبەر خەڵکانی جیاواز، بۆ نموونە چاوپۆشین لە ئازار و ناڵەی دەیان ساڵەی فەلەستینییەکان.

بەڵام هێشتا بەرپرسانی حکومەتی ئەڵمانیا لەم چەند مانگەی ڕابردوودا ئاماژەیان بەوە داوە پێویستە ئیسڕائیل گوێ بداتە یاسا نێودەوڵەتییەکان لە وەڵامەکەیدا بۆ هێرشەکانی حەماس و داوایان لە ئیسڕائیل کردووە ڕێگە بدات یارمەتی زیاتر بگاتە غەززە. هەروەها سەرکۆنەی توندوتیژییەکانی نیشتەجێیە جووەکانییان کردووە لە کەناری ڕۆژئاوا.

شۆڵز وتی گفتوگۆکان لەگەڵ پاشا عەبدوڵای ئوردندا جارێکی دیکە ڕوونی کردەوە کە چەند گرنگە بۆ هەموو گفتوگۆکان کە تێیاندا باس لە ئەگەری خستنەوەی ئاشتییەکی هەمیشەیی و پێکەوە ژیان بکرێت لە نێوان ئیسڕائیل و دەوڵەتێکی فەلەستینیدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG