سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەڵێت پشتگیری لە هێرشی ئاسمانی ئیسڕائیل ناکات بۆ سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران وەکو وەڵامێک بۆ هێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل.
بایدن کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا پشتگیری لەو جۆرە تۆڵەکردنەوەیەی ئیسڕائیل دەکات دوای ئەوەی ئێران نزیکەی 180 موشەکی ئاڕاستەی ئیسڕائیل کرد، لە وەڵامدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " وەڵامەکە نەخێرە."
لێدوانەکەی بایدن دوای ئەوە هات خۆی و سەرکردەکانی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت لە ڕێی تەلەفونەوە قسەیان کرد سەبارەت بە هەماهەنگیکردن لە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێراندا. کۆمەڵەی حەوت پێکهاتووە لە ئەمەریکا و کەنەدا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا و ئەڵمانیا و بەڕیتانیا و ژاپۆن.
ئەمەریکا و هاوپەیمانان هەوڵ دەدەن ڕێگری بکەن لە پەرەسەندنی ململانێکەی ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بەهۆی هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی چەکدارانی حەماسەوە بۆ سەر ئیسڕائیل دەستیپێکرد. داوا لە ئیسڕائیل دەکەن دان بەخۆیدا بگرێت لە کاتێکدا باس لە تۆڵەکردنەوە دەکات دژی ئێران لەسەر هێرشەکەی ڕۆژی سێشەممە.
سەرچاوە/ AP