سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە دوایین کاتژمێرەکانی سەرۆکایەتیدا بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی و جەنەڕاڵی خانەنشینکراو مارک مێڵی و ئەو ئەندامانەی کۆمیتەی ئەنجومەنی نوێنەران دەرکرد کە لێکۆڵینەوەیان لە هێرشەکەی 6 ی مانگی یەک دەکرد بۆ سەر بینای کاپیتۆڵ، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ پاراستنییان لە ئەگەری " تۆڵەی " بەڕێوبەرایەتییەکەی دواتری ترامپ.
ئەم بڕیارەی بایدن دوای ئەوە دێت کە دانۆڵد ترامپ هۆشداریدا لەسەر لیستێکی دوژمن کە پڕە لەو کەسانەی کە لە ڕووی سیاسییەوە ڕووبەڕووی بوونەتەوە یان هەوڵییان داوە لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکەن لەسەر هەوڵەکانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 ی ئەمەریکا و ڕۆڵی لە هێرشکردنە سەر بینای کاپیتۆڵی ئەمەریکا لە 6 ی مانگی یەکی ساڵی 2021 دا. ترامپ ئەندامانی کابینەکەی هەڵبژاردووە کە سەرجەمییان پشتگیرییان لە بانگەشە هەڵەکانی کردووە سەبارەت بەو هەڵبژاردنە و بەڵێنییان داوە سزای ئەوانە بدەن کە بەشداربوون لە هەوڵەکاندا بۆ لێکۆڵینەوە لە ترامپ.
بایدن لە بەیاننامەیەکدا وتی " دەرکردنی ئەم لێخۆشبوونانە نابێت وەک دانپێدانانێک سەیر بکرێت کە هەر یەکێک لەم کەسانە کارێکی هەڵەیان کردووە، هەروەها نابێت قبوڵکردن بە هەڵە وەک دانپێدانان بە تاوان بۆ هەر سەرپێچییەک لێکبدرێتەوە. گەلەکەمان قەرزاری ئەوەن سوپاسگوزاری ئەم خزمەتکارانە بن لەسەر پابەندبوونی ماندوونەناسانەیان بە وڵاتەکەمانەوە."
شتێکی ئاساییە بۆ سەرۆکەکان لە کۆتایی ماوەی کارەکانییاندا بڕیاری لێخۆشبوون دەربکەن، بەڵام لێخۆشبوون و پیشاندانی بەزەیی زۆرجار پێشکەشی هەموو ئەو ئەمەریکاییانە دەکرێت کە تاوانبارن بە ئەنجامدانی تاوانێک. بەڵام بایدن ئەو دەسەڵاتەی بە فراوانترین و تاقینەکراوترین شێوە بەکارهێناوە: بۆ لێخۆشبوون لەو کەسانەی کە هێشتا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا نەکراوە. لەگەڵ قبوڵکردنەکەشدا دانپێدانانێکی بێدەنگ بە تاوان یان هەڵەدا دێت، هەرچەندە ئەوانەی لێخۆشبوونییان وەرگرتووە بە فەڕمی بە هیچ تاوانێک تاوانبار نەکراون.
بایدن وتی " ئەمانە هەلومەرجێکی نائاسایین، من ناتوانم بە ویژدانێکی باشەوە هیچ شتێک نەکەم. تەنانەت کاتێک تاکەکان هیچ شتێکی هەڵەیان نەکردووە و لە ڕاستیدا کارێکی ڕاستییان کردووە و لە کۆتاییدا بێتاوان دەبن، تەنها ئەو ڕاستییەی کە لێکۆڵینەوەت لەسەر دەکرێت یاخود لێپێچینەوەت لەگەڵدا دەکرێت دەتوانێت زیانێکی گەورە بە ناوبانگ و داراییت بگەیەنێت."
فاوچی تاوەکو خانەنشین بوونی لە ساڵی 2022 دا نزیکەی 40 ساڵ بەڕێوەبەری پەیمانگای نیشتمانی هەستیاری و نەخۆشییە درمییەکان بوو لە پەیمانگای نیشتمانی تەندروستی و ڕاوێژکاری باڵای تەندروستی بایدن بوو. فاوچی یارمەتی ڕێکخستنی کاردانەوەی وڵاتەکەیدا بۆ پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و لەو ماوەیەدا ترامپی تووڕە کرد. ئەو بووەتە ئامانجی ڕق و کینە و ڕەخنەی توند لەلایەن کەسانی ڕاستڕەوەوە کە تاوانباری دەکەن بە تۆمەتی سەپاندنی بەکارهێنانی دەمامک و سیاسەتەکانی تر کە پێیان وایە مافەکانییانی پێشێل کردووە، تەنانەت لە کاتێکدا دەیان هەزار ئەمەریکایی دەمردن.
مارک مێڵی پێشتر سەرۆکی ئەرکانی گشتی هاوبەشی ئەمەریکا بووە و ترامپی بە فاشیست ناوبردووە و ڕەفتاری ترامپی لە ماوەی هێرشەکەی 6 ی مانگی یەکی ساڵی 2021 دا بۆ سەر بینای کۆنگرێس بە یاخیبوون ناوبردووە.
هەروەها بایدن لێخۆشبوون بۆ ئەندامان و کارمەندانی کۆمیتەی 6 ی مانگی یەک دەردەکات ، لەوانە لیز چێنی و ئادەم کینزینگەر، کە هەردووکیان کۆماریین، هەروەها ئەو ئەفسەرانەی پۆلیسی کاپیتۆڵی ئەمەریکا و پۆلیسی گشتی واشنتنیش کە لەبەردەم کۆمیتەکەدا شایەتییاندا.
بایدن بەڵێنی گواستنەوەیەکی ئاسانی دەسەڵاتی داوە بۆ بەڕێوبەرایەتی داهاتوو و ترامپی بانگهێشت کردووە بۆ کۆشکی سپی و وتوویەتی وڵات باش دەبێت. بایدن چەندین ساڵە هۆشداری دەدات لەوەی کە دووبارە گەڕانەوەی ترامپ بۆ سەرۆکایەتی هەڕەشە دەبێت بۆ سەر دیموکراسی. بڕیارەکەی بۆ شکاندنی نۆرمە سیاسییەکان لەگەڵ دەرکردنی لێخۆشبوونی پێشوەخت ( بۆ کەسانێک کە تەنانەت تاوانباریش نەکراون ) لەو نیگەرانییانەیەوە سەرچاوەی گرتووە.
بایدن تۆمارێکی پێوانەیی سەرۆکایەتی تۆمار کرد لە زۆرترین لێخۆشبوونی تاکەکەسی و کەمکردنەوەی سزاکاندا. ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند سزای نزیکەی 2500 کەس کەم دەکاتەوە کە بە تاوانی ماددە هۆشبەرەکان تۆمەتبارن. پێشتر ڕایگەیاندبوو سزای 37 کەس لە کۆی 40 کەسی فیدراڵی سووک دەکات و چەند هەفتەیەک پێش دەستبەکاربوونی ترامپ سزای لەسێدارەدانییان بۆ زیندانی تا هەتایی دەگۆڕێت. لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا، ترامپ سەرپەرشتی ژمارەیەکی بێ وێنەی لە سێدارەدان کرد کە 13 کەس بوون لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا
بایدن بڕیاری لێخۆشبوونی پێشوەخت بۆ فاوچی و مێڵی دەردەکات لە هەوڵێکدا بۆ پاراستنییان لە ئەگەری تۆڵەسەندنەوەی ترامپ
