ڕۆژی دووشەممە دانۆڵد ترامپ جارێکی دیکە سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەگرێتە ئەستۆ لە ڕێوڕەسمێکی دەستبەکاربوونیدا لە واشنتن کە دەیکاتە یەکەمین سەرۆکی ئەمەریکا کە لە ساڵەکانی هەشتاکانەوە دوو جار ببێتە سەرۆک بەڵام دوو خولی یەک لە دوای یەک نەبووبێت.
پێشبینی دەکرێت ملیۆنان ئەمەریکایی بینەری تەلەفیزیۆن بن کاتێک دانۆڵد ترامپی تەمەن 78 ساڵ سوێندی یاسایی دەخوات بۆ ئۆفیسی سەرۆکایەتی و چوار ساڵی نوێ لە کۆشکی سپی، هاوکات سەرۆک جۆو بایدنی 82 ساڵ سەرۆکایەتییە یەک خولییەکەی جێدەهێڵێت.
ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونەکە بەهۆی کەشوهەوای ساردەوە کەمدەکرێتەوە، نزیکەی 600 کەس بینەری گۆڕانی دەسەڵات دەبن لە ناو کاپیتۆلدا لە جیاتی بۆنە ئاساییەکەی دەرەوە کە 250,000 کەس بلیتیان بڕیبوو بۆی.
ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونەکە بە درێژایی شەقامی پێنسلڤەینیا لە کاپیتۆلەوە بۆ کۆشکی سپی بەهۆی کەشوهەواوە هەڵوەشاوەتەوە. باندەکان و یەکەکانی ڕێپێوان و تیمی مەشق بەلای ترامپ و میلانیا ترامپ و بەرپرسانی دیکەی بەڕێوبەرایەتییەکەیدا تێپەڕ دەبن لە گۆڕەپانی کەپیتاڵ وەن کە 20,000 کورسی هەیە.
درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە ترامپ بەڵێنیدا " بە خێرایی و هێزەوە بجووڵێت و سەرجەم ئەو قەیرانانە چارەسەر بکات کە ڕووبەڕووی وڵاتەکە بوونەتەوە."
ترامپ وتی " سبەینێ نیوەڕۆ پەردە لەسەر چوار ساڵ لە سەرەوخواردبوونەوەی ئەمەریکا دادەرێتەوە، ڕۆژێکی نوێی هێز و خۆشگوزەرانی ئەمەریکایی دەستپێدەکەین."
ترامپ بەڵێنی داوە لە کاتی دەستبەکاربوونیدا کۆمەڵێک فەرمان واژۆ بکات، لەوانە ئەو فەرمانانەی کە سیاسەتەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن هەڵدەوەشێنێتەوە. یەکێک لە بەڵێنەکانی لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا ڕەوانەکردنەوەی بە کۆمەڵی ئەو کەسانە بوو کە بە نایاسایی لە وڵاتەکەدان.
ترامپ بەڵێنیشداوە بە خێرایی باجی گومرگی زۆر بسەپێنێت بەسەر هاوبەشە بازرگانییە سەرەکییەکانی ئەمەریکادا، لەوانە کەنەدا و چین و مەکیسک.