Accessibility links

ڕوسیا و تاڵیبان لە کابوڵ کۆدەبنەوە


وێنەیەکی بەرپرسانی تاڵیبان لە سەردانێکیاندا بۆ مۆسکۆ-ئەرشیف

ڕوسیا دەڵێت باڵیۆزەکەی لە ئەفغانستان لەگەڵ تاڵیبان کۆدەبێتەوە و ئەو کۆبوونەوەیەی ڕۆژی سێشەممەش بڕیاردەر دەبێت لەسەر ئەگەر و نەگەری دانپێدانان بە حکومەتی نوێی ئەو وڵاتەدا.
زامیر کابولۆڤ، کاربەدەست لە وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕادیۆی ئیکۆ مۆسکڤی، دەڵێت "باڵیۆزەکەمان لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ڕێبەرایەتی تاڵیباندا و سبەی سێشەمە لەگەڵ ڕێکخەری کاروباری ئاسایشی تاڵیباندا کۆدەبێتەوە."
کابولۆڤ دەشڵێت لە کۆبوونەوەکەی دیمیتری ژیرنۆڤ و تاڵیباندا تەوەری سەرەکی بریتییە لەوەی ئایا پلانی تاڵیبان چییە بۆ دابین کردنی ئاسایش بۆ باڵیۆزخانەی ڕوسیا لە پایتەختی ئەفغانستان.

ئەم کاربەدەستەی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیاش دەڵێت بڕیاری مۆسکۆ بۆ دانپێدانان بەم حکومەتە نوێیەی ئەفغانستاندا دەکەوێتە سەر ڕەفتارەکانی دەسەڵاتدارانی نوێی وڵاتەکە.

زامیر کابولۆڤ دەڵێت "بە وریاییەوە سەیری ئەوە دەکەین تاڵیبانەکان چەندێک بە بەرپرسیارێتییەوە وڵاتەکەیان بەڕێوەدەبەن لە ئایندەیەکی نزیکدا و لەسەر بنچینەی ئەو بەرەنجامانەش، سەرکردایەتی ڕوسیا نەخشەی پێویستی خۆی دادەڕێژێت."

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا ڕوسیا هەوڵی نزیکبوونەوەی دەدا لەگەڵ تاڵیباندا و چەند جارێک لە مۆسکۆ میوانداریی نوێنەرانی تاڵیبانی کردووە و بەتایبەتیش لەم چەند مانگەی ڕابردوودا.

XS
SM
MD
LG