تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی بۆ عێراق، ڕایگەیاند سەرۆک ترامپ توانیویەتی بەغدا و هەولێر و وڵاتانی هاوپەیمان لە ناوچەکەدا بەرەو یەک ئاراستە بەرێت؛ هەروەها دەرفەتێکی نوێ هاتووەتە بەردەم سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی و گەلی عێراق بۆ ئەوەی هەموو هێزە چەکدارەکان بخرێنە ژێر فەرمانڕەوایی دەوڵەت.
تۆم باراک ڕایگەیاند، " 23 ساڵ دوای ئەوەی یەکەم سەربازی ئەمەریکا پێی خستە سەر خاکی عێراق، سەرۆک ترامپ گەڕانەوەی هێزەکانی بۆ نیشتیمان تەواوکرد – هەنگاوەکەی بە پشتگوێخستن ئەنجام نەدا، بەڵکو بە هاوسازکردنی هەموو لایەنەکانی پرسەکە: بەغدا، هەولێر، دۆستانی ناوچەییمان و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا، لە یەک وێنەی ستراتیژیدا و لە ناسکترین ساتەکانی مێژوودا."
تۆم باراک ئەم ڕاگەیاندنەی ئێوارەی چوارشەممە بڵاو کردەوە، دوای ئەوەی سەرۆک دۆناڵد ترامپ کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمەریکای لە عێراق ڕاگەیاند.
باراک جەختی کردەوە لەوەی عێراق ئێستادا دەتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت و ئەم دۆخە لە ئەنجامی قوربانیدانی کەسانی ئەمەریکایی و عێراقی لە چەند ساڵی ڕابردوودا هاتووەتە ئاراوە.
ڕاشیگەیاند، "دەرگایەک کە بۆ ماوەیەکی زۆر داخرابوو، ئێستا کراوەتەوە - دەرفەتێک بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق زەیدی و گەلی عێراق هاتووەتە پێشەوە بۆ ئەوەی هەموو هێزە چەکدارەکانی عێراق بخەنە ژێر یەک دەوڵەت و یەک زنجیرە فەرماندەیی، کە تێیدا ئەمەریکا وەک دۆستێک نەک هێزی سەربازیی بیانی ڕۆڵ دەگێڕێت."
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی سەرۆک ترامپ بەردەوامە لە فشارەکانی بۆ چەککردنی هێزە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کە نزیکن لە ئێران. حکومەتی عەلی زەیدیش جەخت دەکاتەوە لەوەی دەبێت چەک لە دەستی دەوڵەتدا بمێنێتەوە.
لە کۆتایی مانگی نۆشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی لەژێر سایەی یەک فەرماندەیی وەزارەتی پێشمەرگەدا ڕاگەیاند.