Accessibility links

بەغدا ناوەڕاستی ساڵی داهاتووی وەک دوا وادە بۆ چەککردنی گروپە چەکدارەکان دیاری کرد

سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای کۆتایی هاتنی ئەرکی هیزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەو وڵاتە، رایگەیاند کۆتایی مانگی شەشی ساڵی 2027 دوا وادەیە بۆ ڕادەستکردنی چەکی گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی حکومەت. حکومەتی عێراق پێشتر کۆتایی مانگی نۆی ئەمساڵی وەک دوا وادە بۆ ئەم پرۆسەیە دانابوو.

عەلی زەیدی لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی پێنجشەممە 1ی مانگی دە بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە "یەکی مانگی دە بە سەرەتایەکی جددی دادەنرێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی چەکەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەت"، ئاماژەی بەوەشکرد "ئەم پرۆسەیە تا 30ی مانگی شەشی ساڵی 2027 بەردەوام دەبێت."

جەختیشی لەوە کردەوە کە بڕیارەکانی شەڕ و ئاشتی دەبێ تەنیا لە لایەن دامودەزگا شەرعییەکانی حکوومەتی عێراقەوە بدرێن و هیچ گرووپێک لە دەرەوەی قەوارەی فەرمی نابێ لەم بارەیەوە سەربەخۆ هەڵسوکەوت بکات.

سەرۆکوەزیرانی عێراق هەروەها ڕایگەیاندووە حکومەت کار بۆ چەککردنی تەواوی ئەو گروپە چەکدارانەی غەیرە عێراقی دەکەن کە لەسەر خاکی وڵاتەکە ئامادەن و ڕێگە نادات خاک و ئاسمانی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە بەکاربهێنرێت.

لە هەمان کاتدا، زەیدی جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت بەنیازە پێگەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی پێکهاتەی ئەمنی فەرمی عێراقدا بچەسپێنێت.

وتی حکومەت یاسای حەشدی شەعبی پەسەند دەکات و پێگەکەی لە پێکهاتەی ئەمنیدا دەچەسپێنێت وەک بەشێکی دانەبڕاوی حکومەت، ئەمەش لەژێر فەرماندەیی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە.

هەروەها ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی سێشەممە دەنگی بە گەڵاڵەی نوێی حەشدی شەعبی دا و ڕەوانەی پەرلەمانی کرد بۆ ئەوەی تاوتوێی بکرێت و دەنگی لەسەر بدرێت. بڕیارە پڕۆژە یاساکە وردەکارییەکانی پەیوەست بە پێکهاتەی حەشدی شەعبی و دۆخی دامەزراندن و مووچە و یارمەتییەکان و خانەنشینیان ڕێکبخات.

حەشدی شەعبی لە ساڵی 2016دا بە فەرمی بوو بە بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی عێراق، بەڵام زۆرێک لە وردەکارییەکانی پەیوەست بە پێکهاتەی کارگێڕی و پێگەکەی لە یاساکەدا ڕوون نەکرایەوە.

هەروەها گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە حکوومەتی ئێران لە چوارچێوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی چالاکی دەکەن و ئەمەریکا لە ساڵانی ڕابردوودا چەند جار ڕایگەیاندووە ژمارەیەک لەو گرووپانە و فەرماندەکانیان هێرشیان لە دژی بەرژەوەندی و هێزەکانی ئەمەریکا ئەنجام داوە.

واشنتن هەروەها دژایەتی بەشێک لە یاسای نوێی حەشدی شەعبی کردووە و ڕایگەیاندووە ڕەنگە کاریگەری گروپە نزیکەکانی حکومەتی ئێران لە پێکهاتەی ئەمنی عێراقدا بەهێزتر بکات.

بەگوێرەی پلانێک کە لە مانگی نۆ لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشکەشی بەرپرسانی ئەمەریکا کراوە، سەرەتا ئەو گروپە چەکدارانە چالاکییە سەربازییە سەربەخۆکانیان ڕادەگرن و دواتر وردە وردە چەکەکانیان دەخەنە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتەوە و هێزەکانیان تێکەڵ بە حەشدی شەعبی یان دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکەی فەرمی دەبن.

هەروەها حکومەتی بەغدا بەنیازە ئەو هێزانەی ئێستا لە دەرەوەی چوارچێوەی فەرمی حەشی شەعبی کاردەکەن، بخاتە ناو پرۆسەکەوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG