Accessibility links

جارێکی دیکە نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە

بەهۆی پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ڕژێمی ئێران، نرخی نەوت جارێکی دیکە بەرزبوویەوە و بازاڕە داراییە نێودەوڵەتییەکان دابەزینیان بەخۆوە بینی.

سەرەڕای ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئێران، بەڵام وەبەرهێنەران هێشتا نیگەرانن.

سەرۆک ترامپ درەنگانی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، ماوەی ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئێران بۆ ماوەی 10 ڕۆژی دیکە درێژدەکاتەوە، هەتا 6ی مانگی چوار، بۆ ئەوەی ڕێگە بە گفتوگۆی زیاتر بدات. ترامپ پێشتر ڕۆژی هەینی وەک دوا وادە بۆ ئێران دیاری کردبوو.

ئەمڕۆ هەینی نرخی نەوت بەردەوام بوو لە بەرزبوونەوە و بەرمیلێک نەوتی خاوی نێودەوڵەتی بە ڕێژەی 2% بەرزبووەوە و گەیشتە 110 دۆلار. هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساس بە ڕێژەی 2% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 96 دۆلار.

شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان بن جاسمی دووەم، وەزیری دەرەوەی قەتەر ڕۆژی پێنجشەممە لە واشنتن لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤانس و سکۆت بێسنت وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا کۆبووەوە.

بە گوتەی بەرپرسانی قەتەر، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دەستەبەرکردنی بەردەوامی دەستڕاگەیشتن بە وزە و پاراستنی هەناردەکردنی گازی سروشتی قەتەر بۆ بازاڕە جیهانییەکان کراوە.

XS
SM
MD
LG