بەپێی زانیارییەکانی سوپای ئیسرائیل، کە لە سەر تۆڕی ئێکس بڵاوی کردوونەتەوە، لە چوارچێوەی هێرشەکانی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ڕژێمی ئێران لە تاران و ناوچەکانی دەوروبەری، لەشکری ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر توانای بەرهەمهێنانی چەکی ڕژێمی ئێران فراوانتر کردووە و دەیان پێگەی گرنگی بەرهەمهێنان و گەشەپێدانی مووشەک و سیستەمەکانی پێداویستی سەربازی کردووەتە ئامانج.
بە پێی ڕاگەیاندنەکەی ئیسرائیل ئەو پێگانەی کە شەوی ڕابردوودا کراونەتە ئاماج بریتین لەمانەی خوارەوە:
- بنکەیەک کە لەلایەن سوپای ئێرانەوە بۆ ڕاهێنانی هێزەکان و هەڵگرتنی سیستەمەکانی مووشەکی بە مەبەستی لێدانی فڕۆکەکان بەکاردەهێنرا.
- پێگەی بەرهەمهێنان و گەشەپێدانی بەشە سەرەکییەکانی مووشەکە بالیستیکیەکان.
- پێگەی بەرهەمهێنانی باتری بۆ چەک و تەقەمەنییەکان.
- پێگەی بەرهەمهێنانی چەکی سەر بە سوپای پاسداران.
هەروەها لە چوارچێوەی ئەوە هێرشانەی کە شەوانە ئەنجام دەدرێن، کۆمەڵێک بنکەی ئامادەکاری و هاوێشتنی مووشەکی سەر بە سوپای پاسداران، پێگەکانی هاویشتنی مووشەکە بالیستیکیەکان، سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی و شوێنەکانی چاودێری سوپای پاسداران و لەشکری ئێرانیش کراونەتە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە ئەم هێرشانە بەشێکن لە هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ کەمکردنەوەی توانای سەربازی ڕژێمی ئێران، بە تایبەتی لە بواری بەرهەمهێنان و هاوێشتنی مووشەکە بالیستیەکان و سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی. بەپێی بەیاننامەی سوپای ئیسرائیل، ئەم لێدانانە زیانێکی گەورەیان بە توانای بەردەوامبوونی بەرهەمهێنانی بەشە گرنگەکانی مووشەکەکانی ڕژێم گەیاندووە.
تا ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی لەسەر زیانە گیانی یان ماڵییەکانی ئەم هێرشانە لایەن ئێرانییەوە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام سەرچاوەکانی ناوخۆیی باس لە دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە چەند ناوچەیەکی تاران لە شەوی رابردوو دەکەن.