داواکاری گشتی بەحرەین و سەرۆکی دادگای تاوانەکانی تیرۆریزمی بەحرەین لە چوار دۆسیەی جیادا فەرمانی بۆ 14 کەس دەرکرد کە تۆمەتبارن بە سیخوڕیکردن بۆ سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی ناوچەکە، ئەو کەسانە چەندین تیمی ئۆپەراسیۆنی جیاوازیان پێکهێنابوو.
داواکاری گشتی بەحرەین ڕوونی کردەوە کە ئەو تۆمەتبارانە لە ڕێگەی پەیوەندی و سیخوڕی بۆ سوپای پاسداران هەوڵی ئەنجامدانی کردەوەی دوژمنکارانەیان لە دژی بەحرەین دەدا و بۆ ئەو مەبەستەش هاوکاری داراییان وەرگرتووە و یەکێکیان لە کەمپەکانی سوپای پاسداران مەشقی سەربازیی وەرگرتووە.
حکومەتی بەحرەین دەڵێت تۆمەتبارەکان زانیارییان لەسەر نهێنییەکانی بەرگری وڵاتەکە داوەتە سوپای پاسداران و وێنەی دامەزراوە و ناوەندە هەستیارەکانی حکومەتیان گرتووە.
باس لەوەش کراوە کە ئەو تۆمەتبارانە پەنایان بردبووە بەر بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست لە شوێنە گشتییەکاندا بۆ ئەوەی ژینگەیەکی دژ بە حکومەتی ئەو وڵاتە دروست بکەن. داواکاری گشتی بەحرەین باسی لەوە کردووە کە سوپای پاسداران لە هێرشەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر بەحرەین، کەڵکی لەو ئەو وێنە و زانیاریانەی کە لەلایەن ئەو کەسانەوە نێردراوە، وەرگرتووە.