Accessibility links

ترامپ ڕاپۆرتە هەواڵییەکانی چەند میدیایەک لەسەر لەناوچوونی چەند فڕۆکەیەکی سوتەمەنی ئەمەریکا ڕەت دەکاتەوە

سەرۆک دۆناڵد ترامپ ئەو ڕاپۆرتە هەواڵیانە رەت دەکاتەوە کە دەڵین پێنج فڕۆکەی سووتەمەنی ئەمەریکایی لەناوچوون کاتێک هێرشێک کراوەتە بنکەیەکی ئاسمانی عەرەبستانی سعودیە، و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو ڕاپۆرتانە بە شێوەیەکی بەرچاو ڕاستییەکانیان گۆڕیوە.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ شەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سۆشیال، ڕایگەیاند لەکاتێکدا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر هێرش کراوەتە سەر ئەو بنکەیە، بەڵام ئەو فڕۆکانەی لە هەواڵەکانا ئاماژەیان پێکراوە نە زیانێکی ئەوتۆیان بەرکەوتووە و "نە لەناوچوون."

ترامپ دەڵێت چوار لەو پێنج فڕۆکەیە "بە ئاستەم زیانیان بەرکەوتووە و خزمەتگوزاریەکانیان دەستپێکردووەتەوە. یەکێک لەوانە زیانەکەی هەندێک زیاتر بووە، بەڵام لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست بە فڕین دەکاتەوە."

هەندێک لە ڕاپۆرتە سەرەتاییەکانی چەند میدیایەک ئاماژەیان بەوە کردبوو هێرشەکە وایکردووە چەندین فڕۆکە لە کاربکەون. ترامپ ئاماژەی بەوە کرد ئەو ڕاپۆرتانە دۆخەکەیان گەورە کردووەتەوە و نووسیویەتی "هیچیان لەناو نەچوون و لەوەوە نزیکیش نین"، ڕۆژنامەکانی نیویۆرک تایمز و وۆڵ ستریت جۆرناڵ و ڕۆژنامە "ئاست نزمەکان"ی تۆمەتبارکرد بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکارانە.

ئاماژەی بەوەش کردووە ئەم جۆرە ڕاگەیاندنانە " لە ڕاستیدا دەیانەوێت لە شەڕەکەدا بدۆڕێین."

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایشیگەیاند ڕاپۆرتە "خراپەکانیان ڕێک بە پێچەوانەی ڕاستییەکانە!" گوتیشی ئەم جۆرە کردارانە زیانێکی زۆر بە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەگەیەنێت.

هیچ کام لە بڵاوکراوەکان وەڵامی ئەم ڕاگەیاندنەی سەرۆک ترامپیان تا ئێستا نەداوەتەوە.

لە 28ی مانگی دوو ئەمەریکا و ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە دژی ڕژێمی ئێران دەستپێکرد. وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند هەتا ئێستا لەو ئۆپەراسیۆنەدا هێرش کراوەتە سەر زیاتر لە 15 هەزار ئامانجی سەربازی و حکومی لە ناو ئێراندا. لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەیان سەرکردەی باڵای کۆماری ئیسلامی کوژراون بە ڕێبەری باڵای وڵاتەکە عەلی خامنەیشەوە.

ئێرانیش لە بەرامبەردا بە مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان سەدان هێرشی کردووەتە سەر وڵاتانی ناوچەکە.

XS
SM
MD
LG