ئیسرائیل ڕۆژی شەممە هۆشدارییدا بە لوبنان کە ئەگەر کۆنترۆڵکردنی تاقمی تیرۆریستیی حزبوڵڵای لوبنانی نەکات ئەوا “نرخێکی قورس”. دەدات.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بنکە و پێگەکانی حزبوڵایان لە سەرانسەری وڵات کردە ئامانج.
لوبنان ڕووبەڕووی هێرشی بەرفراوانتر بوویەوە، دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو حزبوڵڵای لوبنان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل. سوپای ئیسرائیلیش بە هەڵمەتێکی سەربازی وەڵامی دایەوە.
کاربەدەستانی لوبنان دەڵێن لە هێرشەکاندا نزیکەی 300 کەس کوژراون و هەزاران هاووڵاتی سڤیلیش ئاوارەبوون.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا بە جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنانی ڕاگەیاندووە، ئەگەر حکومەتی لوبنان نەتوانێت ڕێککەوتنی ساڵی 2024 بۆ چەکداماڵینی حزبوڵڵا جێبەجێ بکات، ئەوا خۆی و هەموو وڵاتەکە زیانیان پێدەگات.
کاتز ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل هیچ نیازێکی نییە خاکی لوبنان کۆنترۆڵ بکات، بەڵام ڕێگە نادات کە هێرش لە ناو لوبنانەوە بکرێتە سەر ئیسرائیل.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە دژی ڕژێمی ئێران پێ دەنێنە هەفتەی دووهەمەوە.