بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، ئاماژە زۆرن بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی لە هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلدا.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "ئاماژە زۆر" هەیە کە ڕەنگە عەلی خامنەئی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی لە هێرشێکی ئاسمانی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر ئێران کوژرابێت.
دەنگی ئەمەریکا تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە نەیتوانی بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەو ڕاپۆرتە پشتڕاست بکاتەوە یان ڕەت بکاتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز لە ئورشەلیمەوە، نەتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکی ڤیدیۆیدا ڕایگەیاندووە "بەیانی ئەمڕۆ ئێمە بنکەی دیکتاتۆر خامنەئیمان وێران کرد."
وتی خامنەیی "زیاتر لە 30 ساڵە تیرۆریزمی لە سەرانسەری جیهان ئاراستە کردووە، گەلەکەی خۆی بەدبەخت کردووە و بێوچان کاری لەسەر پلانێک بۆ لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسرائیل کردووە".
ناتانیاهۆ ڕایشیگەیاند " ئاماژە زۆرن بۆ ئەوەی ئەم دیکتاتۆرە لە ژیاندا نەماوە."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە ڕاگەیاندنەکەیدا گوتیشی "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەرپرسانی باڵای ڕژێمی ئایەتوڵاکان و فەرماندەکانی سوپای پاسداران و کەسایەتییە باڵاکانی ناو بەرنامەی ئەتۆمیمان لەناوبرد، و بەردەوامیش دەبین و لە ڕۆژانی داهاتوودا هەزاران ئامانجی دیکەی ڕژێمی تیرۆریست دەکەینە ئامانج."
لەلایەکی تریشەوە کەناڵی 12ی ئیسرائیل ڕایگەیاند بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە، "عەلی خامنەیی لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل دژ بە ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ کوژراوە."
کەناڵەکە ڕایشیگەیاندووە، کە وێنەی تەرمی خامنەیی پاش ئەوەی لە ژێر دارو پەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا دەرکراوە لە تاران، پیشانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دراوە.
بەرپرسانی تاران تا ئێستا وەڵامی ئەو هەواڵانەیان سەبارەت بە چارەنووسی عەلی خامنەیی نەداوەتەوە.