پاش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی، ئەمەریکا دژ بە ڕژێمی ئێران، ڕژێم داوای لە خوێندکارانی بەشی پزیشکی کردووە هەموویان بچنە نەخۆشخانەکان و ڕێگەیان پێنادات بگەڕێنەوە ماڵەوە.
خاڵی یەکێک لەو خوێندکارانەی بەشی پزیشکی کە لە شاری کرماشان دەخوێنێت و خۆی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، بە مەرجێک ناوی ئاشکرا نەکرێت بەهۆی سەلامەتی خوشکەزاکەیەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند خوشکەزاکەی پەیوەندی پێوە کردوون و گوتویەتی ڕێگەی پێنادرێت بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
هەروەها گوتیشی، خوشکەزاکەی پێی گوتووە " حکومەت پێی ڕاگەیاندوین ئەوانەی لە کۆلیژی پزیشکین، ناتوانن بڕۆن، ئێران پێویستی پێتانە دەبێت لە نەخۆشخانەکاندا دەوام بکەن بۆ حاڵەتێکی لەناکاو."
هەروەها دەشڵێت لە ئێستادا باری دەرونی خێزانەکانی کە خوێندکاریان لە ئێران هەیە، خراپە و دڵیان لای منداڵەکانیانە، لە کاتێکدا بەهۆی خراپی هێڵی ئەنتەرنێتیشەوە پەیوەندیکردن لەگەڵیاندا ئاسان نییە.
بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی، دژ بە ڕژێمی ئێران دەستیپێکرد. سەرۆک دۆناڵد ترامپ، لە دەمی ڕاگەیاندنی ئۆپەراسیۆنەکەدا گوتی "سوپای ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان و بەردەوام ئەنجام دەدات بۆ ڕێگریکردن لەم دیکتاتۆرییە زۆر خراپەکار و توندڕەوە کە هەڕەشە لە ئەمەریکا و بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی ئاسایشی نیشتمانیمان بکات. ئێمە مووشەکەکانیان لەناو دەبەین و پیشەسازی مووشەکەکانیان تەختی زەوی دەکەین."
سەرۆک ترامپ بە گەلانی ئێرانی ڕاگەیاند " ئەمەریکا بە هێزێکی لە ڕادەبەدەر و سوپایەکی وێرانکەرەوە پشتگیریتان دەکات. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە چارەنووسی خۆتان بخەنە دەستی خۆتان، وە ئەو داهاتووە خۆشگوزەران و شکۆمەندەیە دەست پێبکەن کە لەبەردەمتاندایە. ئەمە ساتەوەختی کردارە. مەهێڵن تێپەڕ ببێت."
ئەمەریکا لەم ئۆپەراسیۆنەدا بنکە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی کردووەتە ئامانج.