Accessibility links

تەواوی پەیامەکەی سەرۆکی ئەمەریکا بە بۆنەی هێرشکردنە سەر ئێران

سەرۆکی ئەمەریکا "ئۆپەڕاسیۆنی شەڕی گەورەی" دژ بە ڕژێمی ئێران ڕاگەیاند و داوای لە خەڵکی ئێران" کرد دەست بەسەر حکومەتەکەتاندا بگرن."

ئەمەی خوارەوە تەواوی دەقی پەیامەکەی سەرۆکی ئەمەریکایە:

ماوەیەکی کەم لەمەوبەر، سوپای ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنەکانی شەڕی گەورەی لە ئێران دەست پێکرد. ئامانجی ئێمە بەرگریکردنە لە خەڵکی ئەمەریکا بە نەهێشتنی هەڕەشە ئانوساتەکانی ڕژێمی ئێران. کۆمەڵەیەکی توندوتیژن لە کەسانی زۆر سەخت و خراپ. چالاکییە هەڕەشەئامێزەکانی [ئەم کۆمەڵەیە] ڕاستەوخۆ ئەمەریکا و سەربازەکانمان و بنکەکانمان لە دەرەوەی وڵات و هاوپەیمانەکانمان لە سەرانسەری جیهاندا دەخاتە مەترسییەوە.

ماوەی 47 ساڵە ڕژێمی ئێران دروشمی مەرگ بۆ ئەمەریکا دەڵێتەوە و هەڵمەتێکی بێکۆتایی خوێنڕشتن و کوشتنی بەکۆمەڵ بەڕێوە دەبات، ئەمەریکا و سەربازەکانمان و خەڵکی بێتاوانی لە زۆر زۆر وڵات کردووەتە ئامانج. لە یەکەم کردەوەکانی ڕژێم پشتگیریکردن بوو لە دەستبەسەرداگرتنی توندوتیژانەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تاران، کە تێیدا دەیان ئەمەریکایی بە بارمتە گرت بۆ ماوەی چوار سەد و 44 ڕۆژ. ساڵی 1983، بریکارەکانی ئێران بۆردومانی باڵەخانەکانی مارێنزیان لە بەیروت ئەنجامدا کە بووە هۆی کوژرانی 241 کارمەندی سەربازی ئەمەریکایی.

لە ساڵی 2000، زانیارییان هەبوو، وە ڕەنگە بەشداریش بووبن، لە هێرش بۆ سەر کەشتی یو ئێس ئێس کۆل. کەسانی زۆر گیانیان لەدەستدا. هێزەکانی ئێران سەدان ئەندامی خزمەتی ئەمەریکاییان لە عێراق کوشت یان پەکیانخستن. بریکارەکانی ڕێژیم لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام بوون لە هێرشی بێشومار لەدژی ئەو هێزانەی ئەمەریکا کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیر بوون، هەروەها کەشتییە دەریایی و بازرگانییەکانی ئەمەریکا و هێڵەکانی کەشتیوانی نێودەوڵەتی. ئەمە تیرۆری بەکۆمەڵ بووە، ئێمەش چیتر قبوڵی ناکەین.

ڕژێم لە لوبنانەوە هەتا یەمەن و سوریا و هەتا عێراق، میلیشیا تیرۆریستییەکانی چەکدار کردووە و ڕاهێنانیانی پێکردوون و پارەی بۆ دابین کردوون، ئە میلیشیایانەش زەوییان بە خوێن و هەناوی مرۆڤ تەڕ کردووە. هەروەها ئەوە بە وەکالەتی ئێران بوو، کە حەماس هێرشە دێوەزمەکانی 7ی تشرینی یەکەمی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و زیاتر لە هەزار کەسی بێتاوانی کوشتوبڕ کرد، لەنێویاندا 46 ئەمەریکایی؛ لە هەمان کاتدا 12 هاووڵاتی ئێمەیان بە بارمتە گرت.

شتێکی دڕندانە بوو، بە شێوەیەک جیهان پێشتر بەخۆیەوە نەیبینیوە.

ئێران دەوڵەتی سپۆنسەری ژمارە یەکی تیرۆرە لە جیهاندا، وە تەنها لەم دواییانەدا دەیان هەزار هاوڵاتی خۆی لەسەر شەقام کوشت، کاتێک ناڕەزایەتیان دەربڕی. سیاسەتی هەمیشەیی ئەمەریکا، بەتایبەتی ئیدارەی من، ئەوە بووە کە ئەم ڕژێمە تیرۆریستییە هەرگیز ناتوانێت چەکی ئەتۆمی هەبێت. دووبارە دەیڵێمەوە، هەرگیز ناتوانن چەکی ئەتۆمییان هەبێت. هەر بۆیە لە ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەوی مانگی شەشی ساڵی ڕابردوودا، بەرنامەی ئەتۆمی ڕژێممان لە فۆردۆ و ناتانز و ئەسفەهان سڕییەوە. دوای ئەو هێرشە هۆشداریمان پێدان کە هەرگیز دەستنەکەنەوە بە هەوڵی بەدخوازانەیان بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و چەندین جار هەوڵماندا ڕێککەوتنێک بکەین. هەوڵمان دا. دەیانویست ئەوە بیکەن. نەیاندەویست ئەو بکەن. دیسانەوە ویستیان ئەوە بکەن. نەیاندەویست ئەو کارە بکەن. ئەوان نەیاندەزانی چی ڕوودەدات. تەنها دەیانویست خراپەکاری بکەن. بەڵام ئێران ڕەتیکردەوە، هەروەک چۆن بۆ دەیان و دەیان ساڵ ئەمەیان کردووە.

ئەوان هەموو دەرفەتێکیان ڕەتکردۆتەوە بۆ دەستبەرداربوون لە ویستە ئەتۆمییەکانیان و ئێمەش هیچێ تر ناتوانین بەرگەی ئەمە بگرین. بەڵکو هەوڵیاندا بەرنامە ئەتۆمییەکەیان دووبارە بنیات بنێنەوە و بەردەوام بن لە پەرەپێدانی ئەو موشەکە دوور مەودایانەی کە ئێستا دەتوانن ببنە هەڕەشە بۆ دۆست و هاوپەیمانە زۆر باشەکانمان لە ئەوروپا، سەربازەکانمان کە لە دەرەوەی وڵات جێگیر بوون، وە بەم نزیکانە دەتوانن بگەنە زێدی ئەمەریکا. تەنها بیهێننە بەرچاوی خۆتان کە ئەم ڕژێمە چەندە هان دەدرێت و بوێر دەبێت ئەگەر چەکی ئەتۆمییان هەبێت وەک ئامرازێک بۆ گەیاندنی پەیامەکەیان.

لەبەر ئەم هۆکارانە، سوپای ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان و بەردەوام ئەنجام دەدات بۆ ڕێگریکردن لەم دیکتاتۆرییە زۆر خراپەکار و توندڕەوە کە هەڕەشە لە ئەمەریکا و بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی ئاسایشی نیشتمانیمان بکات. ئێمە مووشەکەکانیان لەناو دەبەین و پیشەسازی مووشەکەکانیان تەختی زەوی دەکەین. دووبارە بە تەواوی دەسڕدرێتەوە. هێزی دەریایی ئەوان لەناو دەبەین. ئێمە دڵنیا دەبینەوە لەوەی کە بریکارە تیرۆریستییەکانی هەرێمەکە چیتر ناتوانن ناوچەکە یان جیهان ناسەقامگیر بکەن و هێرش بکەنە سەر هێزەکانمان، و چیتر تەقینەوە بەکارنەهێنن، یان بۆمبی کەنار ڕێگاکان کە هەندێکجار وایان پێدەوترێت، بۆ بریندارکردن و کوشتنی هەزاران و هەزاران کەس بە سەختی، لەنێویاندا زۆرێک لە ئەمەریکاییەکان. وە دڵنیا دەبینەوە لەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت. پەیامێکی زۆر سادەیە. هەرگیز چەکی ئەتۆمییان نابێت.

ئەم ڕژێمە بەم زووانە ئەوە فێر دەبێت کە هیچ کەسێک نابێت تەحەدای هێز و توانای هێزە چەکدارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بکات. من لە یەکەم ئیدارەی خۆمدا سوپای خۆمانم بنیاتنا و پەرەم پێدایەوە و هیچ سوپایەک لەسەر زەوی نییە تەنانەت نزیکیش بێت لە هێز و توانا و ئاڵۆزی هێزی [ئەمەریکا]. ئیدارەکەم هەموو هەنگاوێکی مومکین دەنێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسی لەسەر کارمەندانی ئەمەریکاییی لە ناوچەکەدا. هەرچەندە، جا من ئەم قسەیە بە ڕووکەشی ناکەم، ڕێژیمی ئێران بەدوای کوشتندا دەگەڕێت. ڕەنگە ژیانی پاڵەوانە بوێرەکانی ئەمەریکا لەدەست بچێت، ڕەنگە ئێمەش قوربانیمان هەبێت. زۆرجار ئەوە لە شەڕدا ڕوودەدات. بەڵام ئێمە ئەمە دەکەین نەک بۆ ئێستا، ئەمە بۆ داهاتوو دەکەین. وە ئەمە خەباتێکی شەرەفمەندانەیە. ئێمە نزا بۆ هەموو ئەندامێکی خزمەتگوزاری دەکەین لە کاتێکدا خۆنەویستانە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی ئەمەریکاییەکان و منداڵەکانمان هەرگیز لەلایەن ئێرانێکی چەکداردار با ئەتۆمیەوە هەڕەشەیان لێناکرێت. داواکارین لە خودا هەموو پاڵەوانەکانمان لە بەردەم ڕێگەی مەترسی بپارێزێت. وە متمانەمان هەیە کە بە هاوکاری خودا، ژن و پیاوانی هێزە چەکدارەکان سەردەکەون. ئێمە گەورەترینیمان هەیە لە جیهاندا، ئەوانیش سەردەکەون.

بۆ ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئیسلامی و هێزە چەکدارەکان و هەموو پۆلیسەکان، ئەمشەو دەڵێم دەبێ چەکەکانتان دابنێن، وە پارێزبەندی تەواوتان هەبێت. یان لە بەدیلدا ڕووبەڕووی مردنی دڵنیا ببنەوە. بۆیە، چەکەکانتان دابنێن. بە دادپەروەرانە مامەڵەتان لەگەڵ دەکرێت بە پارێزبەندی تەواو، یان ڕووبەڕووی مردنی دڵنیا دەبنەوە. لە کۆتاییدا بۆ گەلی سەربەرزی گەورەی ئێران، ئەمشەو دەڵێم کاتژمێری ئازادی ئێوە نزیکە. لە پەناگەدا بمێننەوە. ماڵەکەتان بەجێ مەهێڵن. دەرەوە زۆر مەترسیدارە. بۆمب لە هەموو شوێنێک دادەبەزێت. کاتێک تەواو بووین، دەست بەسەر حکومەتەکەتاندا بگرن. هی ئێوە دەبێت، بۆ ئەوەی وەریبگرن. ڕەنگە ئەمە تاکە هەڵی ئێوە بێت بۆ چەندین نەوە.

ساڵانێکی زۆرە داوای یارمەتی ئەمەریکا دەکەن. بەڵام هەرگیز ئەو یارمەتییەتا بەدەستت نەهێنا. هیچ سەرۆکێک ئامادە نەبوو ئەو کارە بکات کە من ئامادەم ئەمشەو بیکەم. ئێستا سەرۆکێکتان هەیە ئەوەی دەتانەوێت پێتان دەدات. کەواتە با بزانین چۆن وەڵام دەدەنەوە. ئەمەریکا بە هێزێکی لە ڕادەبەدەر و سوپایەکی وێرانکەرەوە پشتگیریتان دەکات. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە چارەنووسی خۆتان بخەنە دەستی خۆتان، وە ئەو داهاتووە خۆشگوزەران و شکۆمەندەیە دەست پێبکەن کە لەبەردەمتاندایە. ئەمە ساتەوەختی کردارە. مەهێڵن تێپەڕ ببێت.

خوای گەورە پیاوە و ژنە ئازاکانی هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا بپارێزێت. خوای گەورە ئەمەریکا بەختەوەر بکات. خوای گەورە هەموو لایەکتان بپارێزێت. سوپاس.

XS
SM
MD
LG