کۆماری ئیسلامی لە کاردانەوە بە هێرشێکی بەرفراوانی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل پێگەکانی ئەمەریکای لە وڵاتانی عەرەبی هاوسنووری کەنداو کردە ئامانج.
کۆماری ئیسلامی ڕۆژی شەممە پشتڕاستی کردۆتەوە کە هێرشی کردووەتە سەر چەند ئامانجێک، لەوانە لە بەحرەین، کوێت، قەتەر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی – ئەمانە ئەو وڵاتانەن کە میوانداری بنکە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا دەکەن.
سپای پاسداران ڕایگەیاند کە هەموو ئامانجە سەربازییەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هێرشی مووشەکی کۆماری ئیسلامی کراونەتە ئامانج.
بە پێی ئاژانسە هەواڵییەکان ئیمارات، لە ئەبوزەبی پایتەختی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی، لانیکەم کەسێک کوژراوە دوای ئەوەی چەند مووشەکێک کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ئاراستەی کرابوون، ڕێگرییان لێکرا.
بەحرەین ڕایگەیاندووە لە هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر بارەگای پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمەریکا کە بنکەکەی لەو وڵاتەیە، ڕێگری کردووە و تێکیشکاندووە. حکومەتی بەحرەین ئەو هێرشەی بە "هێرشی خیانەتکارانە" و "پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری و ئاسایشی شانشینی" ناودێر کرد.
وەزارەتی بەرگری کوەیت هەروەها ڕایگەیاند کە بنکەی ئاسمانی عەلی ئەلسالم لەلایەن چەند مووشەکێکی بالیستیکی کۆماری ئیسلامییەوە کراوەتە ئامانج و هەموو ئەو مووشەکانە لەلایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانی کوێتەوە تێکشکێندراون.
لە قەتەر، وەزارەتی بەرگری وڵاتەکە ڕایگەیاندووە کە چەندین هێرشی تێکشاندووە و ڕێگرییان لێکراوە.
وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستان هەروەها لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ڕیاز و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەی کردۆتە ئامانج، بەڵام هێرشەکان بەرپەرچ دراونەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئەم هێرشانە بە هیچ بیانوویەک و بە هیچ شێوەیەک ڕەوا نین و لە کاتێکدا ئەنجام دراون کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئاگاداری ئەوە بوون کە شانشینی عەرەبستان جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕێگە نادات ئاسمان و خاکەکەی بۆ بە ئامانجگرتنی کۆماری ئیسلامی کەڵک وەربگیرێت."
قەتەر، کوێت، بەحرەین و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی هەموویان بە شێوەیەکی کاتی ئاسمانی خۆیان داخستووە و هێرشەکانی کۆماری ئیسلامییان بۆ سەر خاکەکانیان شەرمەزار کرد.
پەیامنێری کەناڵی جەزیرە ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممە دوو جار فڕۆکەخانەی هەولێر لە هەرێمی کوردستانی عێراق کراوەتە ئامانج. هەروەها هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەوڵیدا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بکاتە ئامانج، بەڵام لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە ڕێگری لێکرا و خرایە خوارەوە.
میدیاکانی دەوڵەتی سوریا هەروەها بڵاویانکردەوە کە مووشەکێک لە ناوچەیەکی پیشەسازی لە پارێزگای سویدە تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە چوار کەس کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون، بەبێ ئەوەی سەرچاوەی تەقەی مووشەکەکە دیاری بکەن.
تاکە وڵاتی ئەندامی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو کە تا ئێستا کۆماری ئیسلامی نەیکردۆتە ئامانج، عومانە.
عومان ساڵانێکی زۆرە وەک ناوبژیوانێک لە نێوان کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و ئەودیودا مامەڵەی کردوە. لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامی و ئەمەریکا لە عومان و ژنێڤ ڕۆڵێکی سەرەکی بینوە.
چەندین وڵاتی عەرەبی کە میوانداری دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمەریکا دەکەن، لەلایەن ئێرانەوە دەکرێنە ئامانج