لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕژێمی ئیران و زیادبوونی دەنگۆی ئەگەری کردەوەی سەربازیی ئەمەریکا، چەند وڵاتێک هۆشداری نوێیان داوە بە هاووڵاتییانیان لە ئێران و ژمارەیەک وڵاتیش ڕێکاری نوێی خۆپارێزییان گرتووەتەبەر.
حکومەتی بەریتانیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند بە هۆی دۆخی ئاسایشی ناوچەکەوە بەشێوەیەکی کاتیی ستافەکەی لە ئێران کشاندووەتەوە.
ئۆفیسی کاروباری دەرەوەیی بەریتانیا ڕایگەیاند، ئێستا توانای هاوکاریکردنی هاووڵاتیانی بەریتانیا لەڕادەبەدەر سنووردارە، باڵیۆزخانەکە لە دوورەوە کاردەکات و تەنانەت لە حاڵەتە لەناکاوەکانیشدا هیچ پاڵپشتییەکی کونسوڵگەری ڕاستەوخۆ لەبەردەستدا نییە.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا شەوی سێشەممە لە وتاری ساڵانەی خۆیدا بۆ کۆنگرێس هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە ئەگەری کردەوە دژی ئێران خستەڕوو و جەختی لەوە کردەوە کە لە کاتێکدا لەگەڵ چارەسەری دیپلۆماسیدایە، بەڵام ڕێگە نادات تاران چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت.
هەر ئەمڕۆ هەینی چین و کەنەداش بەجیا هۆشدارییان دا لە ئەگەری بەرزبوونەوەی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داوایان لە هاووڵاتیانیان کرد ئێران بەجێبهێڵن.