چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ هەینی جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و بەرپەرسە باڵاکانی دیکە لە واشنتن لەگەڵ بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان, کۆببنەوە.
ماڵپەڕی هەواڵی ئێم ئێس ناو، ڕایگەیاندووە، ئەم کۆبوونەوەیەی ڤانس لەگەڵ ئەو لایەنەی کە ڕۆڵی ناوبژیوان دەبینێت لە گفتوگۆکانی ئەمەریکا و ئێراندا، ئەوە دەگەیەنێت کە " ڤانس دەچێتە نێو گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران."
کۆشکی سپی هەتا ئێستا کۆبونەوەکەی پشتڕاست نەکردۆتەوە، بەڵام ماڵپەڕەکە بڵاویکردووەتەوە کۆبوونەوەکە پلانی بۆ داڕێژراوە و وا دیارە وردەکاریی وتووێژەکانی ڕۆژی پێنجشەممە لە ژنێڤ وایکردووە وەزیری دەرەوەی عومان ئەم سەردانە بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژی پێنجشەممە ستیڤ ویتکاف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا و جێرد کوشنەر، ڕاوێژکاری دۆناڵد ترامپ، لە ڕێگەی ئەلبوسەعیدییەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران لە ژنێڤ دیداریان کرد. هەرچەندە هەتا نیوەڕۆ گفتوگۆکان "نائومێدکەر" بوون، بەڵام بە وتەی بەرپرسانی ئەمەریکا، دواجار هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر درێژەدان بە کۆبوونەوەکە لەسەر ئاستی پسپۆڕان تا هەفتەی داهاتوو.
هەروەها بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ڕافایل گرۆسیش، بەشداری گفتوگۆکانی کرد.
تەوەری سەرەکی هەوڵەکانی ئەمەریکا ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمی کۆماری ئیسلامی بووە و هەروەها بەرنامەی مووشەکی دوور مەودای کۆماری ئیسلامی بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بووە.
لە چەند مانگی ڕابردوودا وەزیری دەرەوەی عومان نێوەندگیری لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمەریکادا کردووە، ئەمەش ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی یاداشت و زانیاری لە نێوان هەردوولادا کردووە.
دیدارە گرنگەکەی ڕۆژی هەینی لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ چەندین جار دووپاتی کردووتەوە ئەگەر دانوستاندنەکان شکستبهێنن، هێزی سەربازی لە دژی کۆماری ئیسلامی بەکاردەهێنێت. لە هەمانکاتدا هێزی سەربازی ئەمەریکای لە ناوچەکەدا کۆکردووەتەوە.