هەردوو حکومەتی چین و کەنەدا ڕۆژی هەینی بەجیا هۆشدارییان دا لە ئەگەری بەرزبوونەوەی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داوایان لە هاووڵاتیانیان کرد ئێران جێبهێڵن.
حکومەتی کەنەدا لە ڕاگەیێندراوێکدا بە هاووڵاتیانی گوت، "کەنەداییەکان لە ئێران: بەهۆی بەردەوامی گرژیەکانەوە، شیانی هەیە شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچەکەدا بە کەمێک یان هیچ ئاگادارکردنەوەیەک دەست پێبکەن. ئێستا ئێران بەجێبهێڵن، ئەگەر بتوانن ئەمە بە سەلامەتی بکەن."
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی چین هۆشدارییەکی هاوشێوەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "لەبەر ڕۆشنایی دۆخی ئاسایشی ئێستای ئێران، وەزارەتی دەرەوەی چین و باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی چین لە ئێران هاووڵاتیانی چینی ئاگادار دەکەنەوە کە بۆ ئێستا خۆیان لە گەشتکردن بۆ ئێران بەدوور بگرن."
وەزارەتەکە دەشڵێت، "ئامۆژگاری بۆ هاووڵاتیانی چینی کە ئێستا لە ئێرانن ئەوەیە، ڕێوشوێنی خۆپارێزی سەلامەتی بەهێزتر بکەن و بە زووترین کات ئەو وڵاتە چۆڵ بکەن."
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین وڵاتی تر، لە نێوانیان ئەمەریکا و ئوسترالیا و ئەڵمانیا و هیندستان و پۆڵەندا و سربیا و کۆریای باشور و سوید، داوایان لە هاووڵاتیانیان کردووە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێبهێڵن.