ئەمڕۆ شەممە کەناڵی تەلەفیزۆنی فۆکس نیوز ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە ڕێڕەوی بنکەی ئاسمانی لاجێس لە پورتوگال بینراون. کەناڵەکە گرتەیەکی ڤیدیۆییشی بڵاو کردووەتەوە کە تیایدا فڕۆکەکان نیشان دەدات.
ڕۆژی هەینیش ئاژانسی فەرمی پورتوگالی باسی لە زیادبوونی جموجۆڵی لەشکری ئەمەریکا لە بنەکەکەدا کردووبوو.
ئەم جموجۆڵە سەربازییە لە کاتێکدایە گرژییەکان لەگەڵ ئێراندا لە پەرەسەندندایە و ئەمەریکا هەبوونی لەشکری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێزکردووە و سەرۆک ترامپیش ڕۆژی هەینی لە میانی خوانی بەیانی لەگەڵ فەرمانڕەواکاندا، ئەگەری ڕێوشوێنی سەربازیی سنوورداری ئەمەریکای دژ بە ئێران بە دوور نەزانی.