Accessibility links

سەرۆک ترامپ ئەوپەڕی 15 ڕۆژ کات دەدات بە ئێران

سەرۆک دۆناڵد ترامپ دەڵێت، ڕژێمی ئێران ئەوپەڕی 15 ڕۆژی لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێک بکات بۆ کۆتاییهێنان بە چالاکییە تێکدەرەکانی. ئەم هۆشدارییەش لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا بەردەوامە لە بنیاتنانی هێزی سەربازی لە ناوچەکەدا بۆ فشارخستنە سەر تاران بۆ قبوڵکردنی داواکارییەکانی ئەمەریکا.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە لە دەمی لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە ناو فڕۆکە تایبەتەکەی Air Force One، ئەم پەیامەی ئاراستەی تاران کرد.

سەرۆک گوتی " یان ڕێککەوتنێک دەکەین، یاخود شتێکی ناخۆش دەبێت بۆیان (بۆ ئێران)."

لە کۆبوونەوەی دەستەی ئاشتی بۆ غەززە ڕۆژی پێنجشەممە، سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند کە 10 ڕۆژی داهاتوو زۆر گرنگە بۆ دیاریکردنی دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا دەتوانرێت ڕێککەوتنێک ئەنجام بدرێت یان نا.

پاشان پرسیار لە ترامپ کرا لەسەر ئەوەی ئایا ئەمە کاتێکی دیاری کراوی تەواو بوو بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک وەک بەشێک لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی ئەمەریکا و ئێران کە سەرەتای ئەم مانگە دەستیپێکرد.

سەرۆک ترامپ لە وەڵامدا گوتی " پێم وایە ئەو کاتە بەسە دە ڕۆژ تا ئەوپەڕی 15 ڕۆژ."

ترامپ چەندین جار هەڕەشەی هەنگاوی سەربازیی کردووە ئەگەر ئێران ڕەتی بکاتەوە کۆتایی بە چالاکییە تێکدەرەکانی بهێنێت، لەوانەشدا هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێننای چەکی ئەتۆمی.

ئەمەریکا لە ماوەی مانگی ڕابردوودا هەبوونی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پتەوکردووە.

هاوکات لە ئێران، لە ڕۆژی چوارشەممە و پێنجشەممەدا، خەڵکی ڕژانە سەر گۆڕستانەکانی سەرتاسەری وڵات بۆ مەڕاسیمی چلەی ئەو هەزاران کەسەی کە دەمی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکاندا بەهۆی سەرکوتکردنی دڕندانەی ڕژێمەوە کوژران.

کاربەدستێکی کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکادا گوتی " سەرۆک ترامپ هەمیشە لەگەڵ خەڵکی ئێراندا بووە، و بەردەوامیش دەبێت لەمە."

XS
SM
MD
LG