هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب ڕایدەگەیەنن، گەڕەکی شێخ مەقسود "لە لایەن کوتلە و میلیشیاکانی سەر بە حکومەتی دیمەشقەوە، کە جۆرەها چەکی قورس و تانک و تۆپخانە بەکاردەهێنن، کەوتووەتە ژێر هێرشێکی توند."
ئاسایش دەشڵێت " ئەمە هێرشێکی بەرفراوانە کە ناوچەکانی پڕ لە دانیشتوان دەکاتە ئامنج و ڕەنگدانەوەی شێوازێکی شەڕی سیستماتیکی لە ناوبردن دژی دانیشتووانە، هاوشێوەی تاکتیکەکانی شەڕی وێرانکەر کە دژی ناوچە نیشتەجێبووەکان بەکاردەهێنرێن."
لەشکری سوریاش قەدەغەی هاتووچۆی بۆ ماوەیەکی نادیار لە گەڕەکی شێخ مەقسود ڕاگەیاندووە و دەڵێت ئەو ناوچەیە وەک ناوچەیەکی سەربازی دیاری کراوە.
لە ڕۆژی سێشەممەوە هێرشی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا لە گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود لە حەلەب دەستیپێکردووە و لە ئەنجامدا هەزاران لە دانیشتوانی ئەو گەڕەکە کوردنشینانە ناچاربوون ماڵەکانی خۆیان جێبهێڵن.
ڕۆژی پێنجشەممە ئاگربەستێکی کاتیی بۆ ئەو شەڕە ڕاگەیەندا هەرچەندە شەڕەکە بە تەواوەتی ڕانەوەستاوە.
پاش ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکە نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا، تۆم باراک پێشوازییەکی گەرمی ئەمەریکای بۆ ئاگربەستەکە کاتییەکە ڕاگەیاند، هیوای خواست درێژ بکرێتەوە.