مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەحمەد ئەلشەرعی، سەرۆکی کاتی سوریا، ئەمڕۆ هەینی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بارودۆخی هەردوو گەڕەکی کوردنشینی شاری حەلەبیان تاوتوێ کرد.
بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە هەردوولا جەختیان لە گرنگی سەقامگیری و هاوکاریی یەکتر کردووەتەوە.
بەگوێرەی بەیاننامەکە سەرۆکی کاتی سوریا بە بارزانی وتووە " كورد پێكهاتەیەكی ڕەسەن و سەرەكی گەلی سووریایە و جەختی لە پابەندبوونی تەواوی دەوڵەتی سووریا بۆ گەرەنتیكردنی هەموو مافە نیشتیمانی و سیاسی و مەدەنیەكانی كورد لەگەڵ پێكهاتەكانی تری سوریا بە شێوەیەكی یەكسان و بێ جیاوازی كردەوە."
لای خۆیەوە سەرۆکایەتی سوریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە سەرۆک بارزانی لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا پشتیوانی بۆ داواکارییەکانی گەلی سوریا دەربڕیوە بۆ بونیاتنانی دەوڵەتێک بۆ هەموو پێکهاتەکانی سوریا.