Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەڵێت ڕەنگە کۆماری ئیسلامی ئێران لە داڕماندا بێت

سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شان هانیتی لە کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاند کە ئەگەری ئەوە هەیە کۆماری ئیسلامی ئێران بڕوخێت.

هانیتی پرسیاری لە سەرۆک ترامپ کرد کە ئایا ئێوە چاودێری ئەو ناڕەزایەتیانە دەکەن کە لە سەرتاسەری ئێران ڕوودەدەن؟سەرۆک ترامپ لە وەڵامدا وتی بەڵێ، زۆر لە چاودێری دەکەم.

پاشان ڕۆژنامەوانەکەی فۆکس نیوز پرسیاری ئەوەی کرد کە ئایا بیستووتە عەلی خامنەیی ئێستا پلانێکی بەدیلی لەبەردەستدایە بۆ چوون بۆ ڕووسیا ؟ سەرۆک لە وەڵامدا وتی "بەڵێ بە جۆرێک، بەدوای ئەوەدایە بچێتە شوێنێک."

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا پێی وایە کۆماری ئیسلامی لە لێواری ڕووخاندایە، ترامپ وتی "دەکرێت وا بێت. مەبەستم ئەوەیە، پێشتر کردوویانە، دەستیان کردووە بە تەقەکردن لەناکاو لە کەسانێک کە هیچ چەکدار نەبوون لەوێ وەستاون و بە دۆشکە تەقەیان لێکراوە، بردوونیانن بۆ دواتر لە سێدارە دراون و کوژراون. ئەم هەڵسوکەوتەی کۆماری ئیسلامی زۆر توندوتیژانەیە."

سەرۆک ترامپ وتیشی "من ڕامگەیاندووە ئەگەر ئەوان وا بکەن، ئێمە زۆر بە توندی لێیان دەدەین. زۆر بە توندی. ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەین. ئەگەر بێتو ئەوان ئەو کارە بکەن، ئێمە لێیان دەدەین."

سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنەکەدا سەبارەت بە کوژرانی خۆپیشاندەران وتی "تا ئێستا بە گشتی تا ڕادەیەک ئەوە ڕوویداوە. خەڵک کوژراون. هەندێکیان بەڕاستی بە هۆی قەرەباڵغییەوە کەوتونەتە ژێر پێی خەڵک و کوژراون. خۆپیشاندانەکان زۆر گەورە بوون. ئارەزوو بۆ ڕووخانی ئەو حکومەتە هێند زۆرە، جێی سەرسوڕمانە."

ئاماژەی بەوەشکرد "خەڵک کوژراون، بەڵام زۆربەی گیانلەدەستدانەکان بەهۆی ژێر پێکەوتنەوە بووە. خەڵک دەستیان کردووە بە ڕاکردن بە ئاراستەیەکی دیاریکراو و ئەوە ڕوویداوە.بەڵام با بزانین چی دەبێت و چی ڕوودەدات."

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکومەت لە ئێران وتی "ئەو هەموو خەڵکە ناڕەزایەتی دەردەبڕن. تا ئێستا کەس شتێکی وەک ئەمەی نەبینیوە کە لە ئێستادا ڕوودەدات. بەڵام من هۆشدارییەکی نافەرمیم بە کۆماری ئیسلامی داوە سەبارەت بە تەقەکردن لە خەڵک، ئەم کەسانەی کە بە تەواوی بێ چەکن و وڵاتەکەیان خۆشدەوێت و دەیانەوێت گۆڕانکاری ڕووبدات. سەیری وڵاتەکەیان بکەن. ئەوان گەڕاونەتەوە بۆ 150 ساڵ پێش ئێستا. من پێم وتن ئەگەر شتێکی خراپ لەگەڵ ئەم کەسانەدا بکەن، ئێمە زۆر بە توندی لێیان دەدەین."

سەرۆکی ئەمەریکا لە وەڵامی پرسیارێکی فۆکس نیوزدا سەبارەت بە هەستی خۆی لەکاتی بڕیاردانی گرینگی وەک دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ و نەهێشتنی قاسم سولەیمانی، وتی "ئێمە سولەیمانیمان لەناو برد، ئەمەش شتێکی گەورە بوو. بەڕاستی شتێکی گەورە بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. زۆر خراپ مامەڵەی لەگەڵ خەڵکدا دەکرد، خەڵکێکی زۆری کوشت، نزیکەی لەسەدا 95ی ئەو کەسانەی کە دەیانبینیت، هەموو دەست و قاچیان لەدەستداوە. هۆکارەکەش چاندنی بۆمبی کەنار ڕێگا بوون کە کاری ئەو بوو. چێژی لێ وەردەگرت. ئێمە لەناومان برد."

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ گوتیشی "ئێمە هەروەها ئەلبەغدادی دامەزرێنەری داعشمان لەناو برد. ئێمە ئۆپراسیۆنی'چەکوشی نیوەشەو'مان بەڕێوەبرد کە مەبەست لێی لەناوبردنی هەڕەشەی ئەتۆمی [کۆماری ئیسلامی] ئێران بوو کە لەناوبردنێکی تەواوەتی بوو، وەک ئەوە دواتر دەرکەوت. ئەم کارەمان لە رێگەی فڕۆکە بۆمبڕێژکراوەکانی بی-2 و باشترین فڕۆکەوانەکانی جیهان کرد. ئەوان لە شەودا و لە تاریکییەکی ڕەهادا ئەو کارەیان کرد. هەر بۆمبێک بە شاخێکدا دەچووە خوارەوە بە قووڵایی دڵی شاخێکی گڕانیتدا. سەرسوڕهێنەر بوو."

XS
SM
MD
LG