Accessibility links

سەرچاوەکان ئاماژە بە ڕەوانەکردنی چەکدارانی عێراقی بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ئێران دەکەن

چەند سەرچاوەیەکی کە پشت بە زانیارییەکانی ناوخۆی ئێران دەبەستن، دەڵێن بە سەدان چەکداری گرووپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق ڕەوانەی ئێران کراون بە مەبەستی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان.

چاودێرێکی ئاسایشی عێراقیش باس لە هەماهەنگی نێوان ئێران و هێزە بەکرێگیراوەکانی لە ناوچەکەدا دەکات.

لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا شاهۆ قەرەداخی چاودێری کاروباری ئاسایشی عێراق ڕایگەیاند، هاوکاتی ئەو فشار و ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بووەتەوە دڵنیایە" هەماهەنگی و هاوکاری لە نێوان ئێران و بریکارەکانی لە ناوچەکەدا هەیە و ئاساییە ئەم هێزە بەکرێگیراوانە بچنە ناو ئێران و یارمەتی ڕژێمی ئێران بدەن بۆ ترساندنی خەڵکی و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمە تەنها لەسەر داواکاری کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵکو زۆرێک لە گروپە عێراقییەکان بڕوایان وایە لاوازبوون یان داڕمانی ئەو ڕژێمە لە ئێران بە مانای کۆتاییهاتنی ئەوان لە عێراقە، بۆیە مانەوەی ڕژێمی ئێران بە مان و نەمانی خۆیانەوە گرێداوە و ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر چارەنووسی ئەوان لە عێراق دەبێت."

گوتیشی "ئەم گرووپانە لە ئێستادا هەموو خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەش دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە ڕووخان یان لاوازبوونی ئەم ڕژێمە ئێرانییە، و لە ناو خاکی ئێراندا بەم شێوەیەش خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان و دەستکەوتەکانیان لە عێراقدا دەپارێزن."

سەرچاوەکان ئاماژە بەوەش دەکەن چەکدارەکان بریتین لە ئەندامانی کەتیبەکانی حزبوڵا لە عێراق، گرووپی نوجەبا، سەید ئەلشوهەدا و ڕێکخراوی بەدر.

هەرچەندە هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئەو گرووپە چەکدارانە بە فەرمی هیچیان لەمبارەیەوە ڕانەگەیاندووە.

نزیکەی دوو هەفتەیە شەپۆلێکی نوێی خۆپیشاندان لە تاران و چەندین شاری تری ئێران دژ بە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی دەستی پێکردووە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک کەس گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون.

XS
SM
MD
LG