Accessibility links

ناوچەیەکی گەلەئەستێرە دەدۆزرێتەوە کە بارستەکەی هێندەی 200 ملیۆن تریلۆن خۆرە


زانایانی گەردونناسی دۆزینەوەی گەورەترین پێکهاتەیان لە واڵایی ڕاگەیاند کە بریتییە لە هێشووێکی زەبەلاحی پڕ لە چەندین پۆلە گەلەئەستێرە بە درێژایی نزیکەی ملیارێک و 300 ملیۆن ساڵی ڕۆناکی.

ملیارێک و 300 ملیۆن ساڵی ڕۆناکی بە کیلۆمەتر دەکاتە زیاتر لە 12 سێکستیلیۆن، واتا ژمارە 12 لەگەڵ 21 سفر لە تەنیشتی.

زانایان دەڵێن پانتایی پێکهاتەکە 13 هەزار جار گەورەترە لە ڕێگای کاکێشان.

ڕێگای کاکێشان ئەو ناوچەیەی گەردوونە کە زەوی و کۆمەڵەی خۆری ئێمەی تێدایە و مەزندە دەکرێت لە نێوان 100 بۆ 400 ملیار ئەستێرە و چەندین ترلیۆن هەسارەی تێدابێت.

زانایان دەشڵێن بارستەی پێکهاتە دۆزراوەکە 200 کوادرلیۆن ئەوەندی بارستەی خۆرە، واتا بە ئەندازەی بارستەی 200 ملیۆن تریلۆن خۆر گەورەیە.

بارستەی خۆر هێندە گەورەیە کە زانایان دەڵێن یەکسانە بە بارستەی 333 هەزار هەسارەی وەک زەوی.

لێکۆڵینەوەکە لە لایەن کۆمەڵێک زانای ئەڵمانیا و ئەفریقای باشور و ئیسپانیا ئەنجامدراوە و لە جۆرناڵی گەردونناسی و فیزیای گەردونناسی بڵاودەکرێتەوە.

زاناکان ناویان لە پێکهاتەکە ناوە "کیپو" کە دەستەواژەیەکە لە شارستانی ئینکا وەرگیراوە و بریتییە لە سیستەمێکی ژمێریاری ئینکایەکان.

XS
SM
MD
LG