زانایان دۆزینەوەی هەسارەیەکیان لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر پشتڕاستکردەوە کە شیانی مەرجەکانی ژیانی تێدایە. کەشتی واڵایی ڤۆیەجەری یەکەم، کە لە هەر کاتژمێرێکدا 61 هەزار کیلۆمەتر دەبڕێت، پێویستی بە زیاتر لە 350 هەزار ساڵ دەبێت بۆ گەیشتن بە هەسارەکە.
تیمێکی نێودەوڵەتی لە گەردوونناسان بڵاویانکردەوە هەسارەی HD 20794 قەبارەکەی نزیکەی شەش ئەوەندەی زەوییە و بە دەوری ئەستێرەیەکدا دەسوڕێتەوە کە هاوشێوەی خۆرە.
تیمەکە دەڵێت هەسارەکە دەکەوێتە ناوچەیەکی شیاو بۆ ژیان، بەو واتایەی خولگەی سوڕانەوەی بە دەوری ئەستێرەکەیدا دەکەوێتە ئەو ناوچەیەی کە بۆ هەبوونی ئاوی شل گونجاوە.
مایکڵ کریتنایەر لە بەشی فیزیای زانکۆی ئۆکسفۆرد ڕایگەیاند، "بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنەکەی لە ناوچەیەکی گونجاو بۆ ژیان و تاڕادەیەک نزیکیی لە زەوی، ئەم هەسارەیە دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت لە ئەرکەکانی داهاتووی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە بەرگەهەوای هەسارە دەرەکییەکان بۆ گەڕان بەدوای نیشانەکانی هەبوونی ژیان."
هەسارەکە 20 ساڵی ڕووناکی دوورە لە ئێمەوە، کە دەکاتە زیاتر لە 189 تریلیۆن کیلۆمەتر، بەو پێیەی هەر ساڵێکی ڕووناکی یەکسانە بە 9.46 ترلیۆن کیلۆمەتر.
دووری هەسارەکە بەو ئەندازەیە ئەوە دەگەیەنێت کە مرۆڤ بە تەکنەلۆجیای سەردەم ناتوانێت بە ئاسانی بگات پێی.
کەشتی واڵایی ڤۆیەجەری یەکەم، کە لە هەر کاتژمێرێکدا 61 هەزار کیلۆمەتر دەبڕێت، پێویستی بە زیاتر لە 350 هەزار ساڵ دەبێت بۆ گەیشتن بە هەسارەکە.
تەنانەت کەشتی واڵایی پارکەر بۆ لێکۆڵینەوەی خۆری، کە بە خێرایی 700 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەڕوات، پێویستی بە زیاتر لە 65 هەزار ساڵ دەبێت بۆ گەیشتن بەم هەسارەیە.
بەڵام سەرەڕای دورییەکەی، زانایان دەڵێن بەراورد بە فراوانی گەردوون، هەسارەکە بە ڕادەیەک نزیکە لێمانەوە "وەک ئەوەی لە ژێر لوتمان بێت."
هیوادارن بەهۆی ئامێری پێشکەوتووی تێلسکۆپەوە بتوانن وێنەی ڕوونتری هەسارەکە و ئەگەری هەبوونی ژیان لەسەری تۆماربکەن.
تیۆری تەقینەوە گەورەکە بە شێوەیەکی فراوان وەک پێناسەی زانستیی بۆ دروستبوونی ئەم گەردوونەمان پەسەندکراوە، دەڵێت گەردوونی پەی-پێبراو، کە تەختە، نزیکەی 13 ملیار و 800 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لە دۆخێکی سەرەتایی زۆر چڕ و گەرمەوە دەستیپێکردووە.
بە گوێرەی خەمڵاندنەکانی ئێستا بۆ ئەو بەشەی گەردوون کە مرۆڤ دەتوانێت پەی پێببات، تیرەی قەبارەکەی بریتییە لە 94 ملیار ساڵی ڕووناکی؛ بەو واتایەی هەر خاڵێکی گەردوون نزیکەی 47 ملیار ساڵی ڕووناکی لە ئێمەوە دوورە.
زانایان دەڵێن دیاریکردنی ژمارەی گەلەئەستێرەکان لەو پانتاییەی گەردوون کە لەئێمەوە دیارە ئەستەمە، بەڵام ئەگەری هەیە 200 ملیار گەلەئەستێرە هەبێت، یان ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر بێت.
بە گوێرەی ئاژانسی ناسا، گەلەئەستێرەی ڕێگای کاکێشان کە سیستمی خۆری خۆمانی تێدایە، شیانی هەیە زیاتر لە 10 ملیار هەسارەی تێدابێت.
لە ڕاپرسییەکەدا کە سەرەتای ئەمساڵ لەگەڵ کۆمەڵگەی زانایانی ئەوروپا ئەنجامدراوە، ڕێژەی زیاتر لە 86٪ بەشداربووان لە زانایانی بایۆلۆجی گەردوونیی پێیانوایە فراوانی گەردوون بەم پانتاییە ئەوە دەردەخات ژیان لەدەرەوەی زەوی بوونی هەیە.
پێشتر ناسا لە ماڵپەڕەکەی ڕایگەیاند ژمارەی ئەو هەسارانەی کە لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆری ئێمە دەستنیشانکراون گەیشتە زیاتر لە 5 هەزار، وە دۆزینەوەکەی بە قۆناغێکی "گەورەی گەردوونی" ناوبرد بۆ مرۆڤایەتی.
ئەلیکساندەر ڤۆڵزسان گەردوونناس و پرۆفیسۆر لە زانکۆی پێن ستەیت لە ڕاگەیەندراوەکەی ناسا کە مانگی سێی 2022 بڵاوکرایەوە، گوتویەتی "بەبڕوای من بەدڵنیاییەوە جۆرێکی ژیان دەدۆزینەوە لە شوێنێک و ئەگەری زیاتر ئەوەیە ژیانی سەرەتایی بێت."