Accessibility links

هەسارەیەک دەدۆزرێتەوە کە ئەگەری هەیە بۆ ژیان ببێت و هەمان قەبارەی زەوی هەیە


زانایان دەڵێن هەسارەیەکیان دۆزیوەتەوە کە قەبارەکەی بە قەبارەی زەوییە و زۆر لە زەوی دەچێت و ئەگەری هەیە بۆ ژیان ببێت و تەنها 40 ساڵی ڕووناکی لە خۆرەوە دوورە. ئەم هەسارەیە کە ناوی 'گڵیز 12b' ە، پێکهاتە بەردینییەکەی هاوشێوەی پێکهاتە بەردینییەکەی زەوییە و پلەی گەرمی تێیدا نزیکەی 42 پلەی سەدی مەزەندە دەکرێت.

شیشیر دۆلاکیا، زانای فیزیای ئەستێرەیی لە زانکۆی باشووری کوینزلاندی ئوستڕالیا بە ماڵپەڕی زانستی 'ساینس اڵێرت'( ScienceAlert) ی راگەیاندووە " بە بۆچوونی من ئەم هەسارەیە تاوەکو ئێستا ڕوونترین وەڵاممان دەداتێ لەسەر ئەوەی کە ئایا هەر هەسارەیەک بێت دەکرێت بۆ ژیان ببێت یاخود نا."

گوتیشی "بۆمان دەرکەوت کە ڕەنگە ئەم هەسارەیە قەبارەی زەوی بێت و پلەی گەرمی مامناوەند بێت. ئێمە وا بیر دەکەینەوە کە گڵیز 12b بەڕاستی نزیکە لە هەسارەکەمانەوە."

ئەو زانای فیزیای ئەستێرەیییە گوتی "ئەوەی هێشتا نایزانین ئەوەیە کە ئایا Gliese-12b بەرگەهەوای هەیە یان نا؟ ئەوە ئەو فاکتەرەیە کە دەتوانێت جیاوازییەکی گەورە دروست بکات لەسەر ئەوەی کە ئایا ئەو جیهانە بۆ ژیان گونجاوە وەکو زەوی یان نەخێر هەسارەیەکی دۆزەخی سووتێنەری وەک ڤینۆسە."

دالاکیا سەبارەت بە هەسارەکە گوتی" ئەو هەسارەیە تەنها 40 ساڵی ڕووناکی لە ئێمەوە دوورە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە بەم زووانە بتوانین پێی بگەین، بەڵکو دەتوانین گەورەترین تەلەسکۆپەکانی واڵایی ئاسمانی جیهانی ئاراستەی بکەین و بزانین بەرگەهەواکەی چییە".

دۆلاکیا دەڵێت گیڵز 12b یەکێکە لە باشترین ئامانجەکان بۆ لێکۆڵینەوە کردن لەسەر ئەوەی کە ئایا ئەو هەسارانەی کە هەمان قەبارەی زەوییان هەیە و بە دەوری ئەستێرە فێنکەکاندا دەسوڕێنەوە دەتوانن بەرگەهەواکانیان بپارێزن یان نا، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرەوپێشەوەبردنی تێگەیشتنمان لە توانای نیشتەجێبوونمان لەسەر هەسارەکانی سەرانسەری گەلەئەستێرەکەمان."

تاوەکو ئێستا زیاتر لە 5000 هەسارە لە دەرەوەی سیستمی خۆریمان دۆزراونەتەوە، کە پێیان دەوترێت هەسارە دەرەکییەکان، بەڵام هێشتا زەوی دووەممان نەدۆزیوەتەوە. زۆربەی ئەو جیهانانەی کە دەیاندۆزینەوە گەورەترن.

ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەو جۆرە هەسارە دەرەکییانە نەدۆزراونەتەوە کە قەبارەیان هاوشێوەی زەوییە. هەندێکی کەم دۆزراونەتەوە، بەڵام دۆزینەوەی ئەو هەسارە دەرەکییانەی کە هاوشێوەی قەبارەی زەوی بن و وەکو زەوی بۆ ژیان گونجاو بن تۆزێک قورسترە.

یەکێک لەو هەلومەرجانەی کە دەبێت لە هەسارە دەرەکییەکەدا بێت بریتییە لەوەی کە دەبێت هەسارە دەرەکییەکە لەو مەودایەکی دووریی دیاریکراودا بێت لە ئەستێرەیەکەوە، کە بە ناوچەی گۆڵدیلۆکس ناسراوە یاخود گونجاو بۆ ژیان. ئەمەش بەو پلەی گەرمییە دیاری دەکرێت کە ئەستێرەیەک دەیگەیەنێت بە هەسارە دەرەکییەکە. هەسارە دەرەکییەکان پێویستییان بەوەیە بە جۆرێک نزیک بن لە ئەستێرەکەوە کە ئەگەر ئاو هەبێت لەسەر ڕووکەشەکەیان ئاوەکە شل بێت، نەک بەستبێتی، بەڵام ئەوەندەش نزیک نەبێت کە بەهۆی گەرمای ئەستێرەکەوە دەستبەجێ ببێت بە هەڵم.

لە سیستمی خۆریدا، زەوی دەکەوێتە ناوەڕاستی ناوچەی گۆڵدیلۆکسەوە. ڤینۆس تۆزێک نزیکترە لە خۆرەوە. مەریخ ڕێک دەکەوێتە سنوورەکانی دەرەوە، ئەوەش مانای ئەوەیە کە هەر هەسارەیەک بکەوێتە ناو ناوچەی گۆڵدیلۆکسەوە مانای ئەوە نیە بۆ ژیان بگونجێت، بەڵام ئەوە خاڵی دەستپێکردنە بۆ ناسینەوەی ئەو جیهانانەی کە دەبێت لە نزیکترەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکەین بۆ نیشانەکانی دیکەی ئەوەی کە ئایا بۆ ژیان دەبن یاخود نا.

ئێستا گیڵز12b ئەو جۆرە هەسارەیەیە کە دەبێت لیکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. لە داتاکانی تێلیسکۆپی تێسی دۆزینەوەی هەسارە دەرەکییەکانەوە دۆزراوەتەوە، دۆلاکیا و لاریسا پالیثرۆپی هاوەڵی لە زانکۆی ئیدینبەرە و زانکۆی کۆلێژی لەندەن، لەگەڵ تیمەکەیاندا، چاودێری چەندین تێلیسکۆپی دیکەیان کردووە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە دۆزینەوەکەی تێلیسکۆپی تێس ڕاست بووە.

ئەوان بۆیان دەرکەوت کە هەسارە دەرەکییەکە بە نزیکەیی هەمان نیوەتیرەی زەوی هەیە و لە 12.76 ڕۆژ جارێکدا بە دەوری هەسارەکەیدا دەخولێتەوە، ئەوەش لێرە لە سیستمی خۆردا زۆر نزیک دەبێت، بەڵام گیڵز 12b زۆر ساردتر و کاڵترە بە بەراورد لەگەڵ خۆردا. ئەو تیشکەی کە هەسارە دەرەکییەکە لە خۆرەوە وەریدەگرێت نزیکەی 1.6 هێندەی ئەو تیشکەیە کە زەوی لە خۆرەوە وەریدەگرێت.

"زۆربەی بەها زانستییەکەی ئەم هەسارەیە ئەوەیە کە تێبگەین لەوەی دەکرێت چ جۆرە بەرگەهەوایەکی هەبێت. لەبەرئەوەی کە Gliese-12b دەچێتە نێوان ئەو بڕە ڕووناکییەی کە زەوی و ڤینۆس لە خۆرەوە وەریدەگرن، بەنرخ دەبێت بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان ئەم دوو هەسارەیە لە سیستمی خۆرماندا."

لاریسا پالیثرۆپ، زانای دیکە گوتی" هەرچەندە پێویستمان بە شیکردنەوەی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بزانین کە ئایا هەسارەکە ژیانی تێدا دەبێت یان نا، بەڵام هێشتا دەتوانێت شتێکی زۆرمان فێر بکات لەسەر ئەو ڕێگەیانەی کە هەسارەکان بۆ گونجاوییان بۆ ژیان دەیگرنەبەر، تەنانەت هەسارەکانی ناو سیستمی خۆریشمان."

شیشیر دۆلاکیا گوتی " ئەو گریمانەیەی کە ئەم هەسارەیە دەکرێت بۆ ژیان ببێت زۆر سەرسوڕهێنەرە، بەڵام بە تایبەتی سەرسوڕهێنەرە کە لە ڕاستیدا دەتوانین ئەم گریمانەیە بە ڕوونی تاقی بکەینەوە. هەروەها دەتوانین ئەم دۆزینەوانە بەکاربهێنین بۆ ئەو هەسارانەی دیکەش کە ئەگەرییان هەیە بۆ ژیان گونجاو بن، هەسارەکانی دوارفە سوورەکان، کە باوترین ئەستێرەن لە گەلەئەستێرەکانماندا."

سەرچاوە/ماڵپەری زانستی science alert

XS
SM
MD
LG