Accessibility links

توێژینەوە: یەک لەسەر سێی هەسارەکانی کاکیشان ڕەنگە بارودۆخیان بۆ ژیان هەبێت


توێژینەوەیەکی نوێ پێشنیاری ئەوە دەکات کە نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەو هەسارانەی بە دەوری دیارترین ئەستێرەکانی گەلەئەستێرەکەماندا دەسوڕێنەوە، ڕەنگە بارودۆخێکیان بۆ پشتگیریکردنی ژیان هەبێت.

توێژینەوەکە لەسەر بنەمای ئەو زانیاریانە بووە کە لەلایەن دوو تەلەسکۆپەوە کۆکراونەتەوە. توێژەرانی بەشداربوو لە توێژینەوەکەدا، سەنگیان ختۆتە سەر ئەستێرەکانی گەلەئەستێرەی کاکێشان کە بە کوورتەبنە سوورەکان ناسراون.

ئاژانسی واڵایی ئەمریکا ناسا دەڵێت کە کوورتەبنە سوورەکان بە گشتی زۆر بچووکترن لە خۆر. هەروەها بێوێنەترین ئەستێرەن و زیاتر پرتەقاڵی دەردەکەون نەک سوور. هەروەها کوورتەبنە سوورەکان بە کوورتەبنەیM ناسراون. ناسا مەزەندە دەکات کە ئەوان نزیکەی لە٪75ی هەموو ئەستێرەکانی کاکێشان پێکدەهێنن. شارەزایان پێیان وایە ملیارەها هەسارە بەدەوری ئەستێرە کوورتەبەنە سوورەکاندا دەسوڕێنەوە.

توێژینەوەکە دەریخستوە یەک لەسەر سێی ئەو هەسارانەی کە بەدەوری ئەستێرە کوورتەبنە سوورەکاندا دەسوڕێنەوە، دەتوانن لەو شوێنەدا بن کە زاناکان پێی دەڵێن “ناوچەی نیشتەجێبوون”. واتە بوونیان لە ناوچەیەکدا گوونجاوە بۆ نیشتەجێبوونی ئەستێرە و هەسارەکە پلەی گەرمی هەیە دەتوانێت ڕێگە بدات ئاوی شل لەسەر ڕووی خاکەکەی بوونی هەبێت.

وەک دەیزانین بەو پێیەی ئاو پێویستە بۆ ژیان، بوونی شلە بەو واتایەیە کە هەسارەیەک دەتوانێت پشتگیری ژیان بکات.

ئەو هەسارانەی لە توێژینەوەکەدا پشکنینیان بۆ کراوە پێیان دەوترێت هەسارە دەرەکییەکان. ئەمانە هەسارگەلێکن بەدەوری ئەستێرەیەکی تردا دەسوڕێنەوە جگە لە خۆرەکەمان.

سارا بالارد، زانای فەلەکناسی لە زانکۆی فلۆریدا، توێژینەوەکەى ئەنجامداوە. شیلا ساگێر خوێندکاری دکتۆرا یارمەتی بالارد دەدات لە پڕۆژەکەدا. دۆزینەوەکانیان لەم دواییانەدا لە ڕۆژنامەیProceedings of the National Academy of Sciences بڵاوکرایەوە.

ساگێر لە بڵاوکراوەیەکدا وتی کوورتەبنە سوورەکان "ئامانجێکی نایاب و باشن بۆ گەڕان بەدوای هەسارەی بچووکدا لە خولگەیەکدا کە وا بیردەکرێتەوە ڕەنگە ئاوی هەبێت و هەربۆیە هەسارەکە ڕەنگە شوێنی نیشتەجێبوون بێت".

ساگێر دەڵیت، دۆزینەوە نوێیەکان "بەڕاستی گرنگ دەبن" بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتری هەسارە دەرەکییەکان لە ساڵانی داهاتوودا.

توێژەران دەڵێن، بەهۆی ئەوەی ئەستێرە کوورتەبنەکان فێنکترن، دەبێت هەسارە دەرەکییەکان زۆر لە ئەستێرەکەیان نزیک بن بۆ ئەوەی ئەوەندە گەرم بن کە ئاویان بە شلی بمێنێتەوە. بەڵام توێژەران هەروەها دەڵین ئەوەندە نزیک بوون بەو واتایەیە کە هەسارەکان کاریگەرییان دەبێت لەسەر "هێزە زۆرەکانی بەرزاو نیشتاو" کە بەهۆی کاریگەریی کێشکردنی ئەستێرەکەوە لەسەر هەسارەکان دروست دەبێت.

توێژەران دەڵێن، پێدەچێت دوو لەسەر سێی هەسارەکانی دیکەی دەوروبەری ئەستێرە کوورتەبنە سوورەکان تووشی هێزی کێشکردن بوون کە دەبێتە هۆی گەرمبوونی هەسارەکان. ئەم پرۆسەیە بە گەرمکردنی بەرزاو نیشتاو ناسراوە. دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی هەسارەکان "پاکژ بکرێن"، بەبێ ئەوەی هیچ دەرفەتێک بۆ ڕاگرتنی ئاوی شل هەبێت.

ساگێر و بالارد دەڵێن، "لادانی ناوەند" زیاتر لە 150 هەسارەی دەرەکییان پێوانە کردووە کە بە دەوری ئەستێرە کوورتەبنە سوورەکاندا دەسوڕێنەوە. ئەوان لادانی ناوەندیان بە شێوەی خولگەی هەسارەکە بە دەوری ئەستێرەکەدا وێنا کردووە.

داتاکان لە تەلەسکۆپی کەپلەری ناسا و تەلەسکۆپی گایای ئاژانسی واڵایی ئەوروپا وەرگیراون. ئامێرەکان یارمەتی تیمەکەیان داوە زانیاری کۆبکەنەوە کە چەند جار هەسارەکان لەبەردەم ئەستێرەکانیاندا دەجوڵێن. هەروەها یارمەتی تیمەکەیان داوە کە مەودای نێوان کوورتەبنە سوورەکان بپێون.

ساگێر دەڵێت، پێوانەکردنی مەودا بەشێکی زۆر گرنگی توێژینەوەکە بووە. توێژینەوەکانی ڕابردوو ئەو جۆرە پێوانانەیان لەخۆ نەگرتبوو. تیمەکە دەڵێن ئەستێرەکان کە چەندین هەسارەیان هەیە "زۆربەی ئەگەری هەیە ئەو جۆرە خولگە بازنەییانەیان هەبێت" کە ڕێگەیان پێدەدات بەردەوام بن لە ڕاگرتنی ئاوی شل. لە لایەکی دیکەوە، ئەو ئەستێرانەی کە تەنها یەک هەسارەیان هەبووە، زۆرترین ئەگەری بینینی تووندی بەرزاو نیشتاویان هەبووە کە دەتوانێت ڕووی خاکەکەی باکژ بکات.

توێژەران دەشلێن، ئەنجامەکانیان بەو واتایەیە کە کاکێشان ڕەنگە سەدان ملیۆن هەسارەی هەبێت کە دەتوانرێت لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت بۆ دۆزینەوەی ئەگەرەکانی نیشانە ژیان.

سەرچاوە / ڕاپۆرتی ئەکادیمیای نیشتمانی زانست و ناسا - زانکۆی فلۆریدا

XS
SM
MD
LG