دەستەی سوێندخۆرانی نیویۆرک کە لە12 ئەندام پێکهاتووە و بڕیار لەسەر چارەنووسی دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە دۆسێی پێدانی پارە بۆ بێدەنگکردن دەدەن، ئێستا دەبێت بڕیار بدەن لەسەر ئەوەی ئایا تاوانبارە یان بێتاوانە؟
بەڵام بەپێی یاسای ئەمەریکا، ئەم پرۆسەیە ئەوەندەش سادە نییە.
تۆمەتباران تەنیا لە بارێکدا دەتوانرێت تاوانبار بکرێن کە دەستەی سوێندخۆران بە کۆی دەنگ ئەو بەڵگانەی کە لەلایەن داواکاری گشتیەوە پێشکەش دەکرێت، بە بێگومان بزانن.
ئەگەر دەستەی سوێندخۆران بە کۆی دەنگ بڕیار بدەن کە گومانی گونجاو هەیە لەسەر ئەوەی تۆمەتبارەکە تاوانەکەی ئەنجامدابێت، ئەوا دەستەی سوێندخۆران دەبێت تۆمەتبارەکە بێتاوان دابنێت.
ترامپ تۆمەتبارە بەوەی بە مایکل کۆهین، پارێزەری پێشووی گوتووە، بڕی 130 هەزار دۆلار بدات بۆ بێدەنگکردنی ستۆرمی دانیاڵ ئەکتەری فیلمە سێکسییەکان، چەند ڕۆژێک بەر لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2016 بۆ ئەوەی بێدەنگی بکات تا باس لەو پەیوەندییە نەکات کەگوایە ترامپ پێش دە ساڵ شەوێکی لەگەڵیدا بەسەر بردووە. ترامپ نکوڵی لەو تۆمەتە دەکات.
ڕێککەوتنی پێدانی پارە لە پێناو ئەوەی کەسێک بێدەنگبێت نایاسایی نییە، بەڵام ترامپ بە تۆمەتێکی کە بریتییە لە 34 تاوان، لەسەر بە ساختەکردنی تۆماری بازرگانی کۆمپانیاکەی بۆ شاردنەوەی گەڕاندنەوەی ئەو پارەیە بۆ کۆهین لە ساڵی 2017دا، تێوەگلاوە، کە ترامپ گوتویەتی ئەو پارەیە بۆ کارە یاساییەکانی کۆهین بووە. بەرگریکارانی ترامپیش دەڵێن کۆهین بە ئارەزووی خۆی و بەبێ ئاگاداری ترامپ ئەو پارەیەی داوە بە پارێزەرەکەی دانیاڵ.
ترامپ هەموو تۆمەتەکانی تاوانکاری ڕەتکردووەتەوە.
وەک هەموو دۆسێ تاوانکارییەکان، دەستەی سوێندخۆرانی نیویۆرک دەتوانێت ترامپ لەسەر هەندێک، هەموو یان هیچ کام لەو تۆمەتانە سزا بدات کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
بارگرانییەکە تەنها لەسەر داواکاری گشتییە بۆ ئەوەی کەسێک بە تاوانبار بسەلمێنێت. پێویست ناکات پارێزەرانی بەرگری بیسەلمێنن کە تۆمەتبار بێتاوانە و تۆمەتباران بژاردەی ئەوەشیان هەیە خۆیان بەرگری لە خۆیان بکەن.
هەندێک جار دەستەی سوێندخۆران لە نێوان خۆیاندا دابەش دەبن کاتێک بەڵگەکان لە دژی تۆمەتبارێک لەبەرچاو دەگرن، هەندێکیان لەگەڵ بڕیاردانی تاوانبارکردندان لە کاتێکدا هەندێکی تر داوای بێتاوانی دەکەن. یان ڕەنگە، دەستەی سوێندخۆران بڵێن لەسەر هەندێک تۆمەت گەیشتوونەتە بڕیارێک بەڵام لەسەر هەندێکی تر نا.
کاتێک ئەوە ڕوودەدات، زۆرجار دەستەی سوێندخۆران دادوەر ئاگادار دەکەنەوە کە لە دانیشتنەکانیاندا لەسەر هەندێک یان هەموو تۆمەتەکان گەیشتوونەتە بنبەست. پاشان، دادوەرەکان دەتوانن دادگاییکردنی "ناتەواو" لەسەر تۆمەتە بڕیارنەدراوەکان ڕابگەیەنن یان ڕێنمایی بدەن بە دەستەی سوێندخۆران تا بە بۆچوونەکانیاندا بچنەوە و بە وردی گوێ لە دەستەی سوێندخواردنی دیکە بگرن.
ئەگەر لە کۆتاییدا، دەستەی سوێندخۆران بڵێن کە بە شێوەیەکی بێهیوا لە بنبەستدان و هیچ ئەگەرێکیان نییە بۆ گەیشتن بە بڕیارێکی کۆدەنگ، دادوەرەکان بە ئەگەرێکی زۆرەوە دادگاییکردنی "ناتەواو" ڕادەگەیەنن، ئەمەش بڕیاردان لەسەر دووبارە دادگاییکردن لەو دۆسێیەدا بۆ داواکارانی گشتی دەهێڵێتەوە.
هەندێک جار، دادگاییکردنێکی نوێ ئەنجام دەدرێتەوە، بەڵام جارەکانی تر داواکاری گشتی تۆمەتەکان هەڵدەوێشێنێتەوە و کۆتایی بە دۆسێکە دەهێنێت.
نوسینی کێن برێدمایەر