دوایین دیمەنەکانی دادگاییکردنی دۆناڵد ترامپ لە نیویۆرک لەسەر دۆسییەی پێدانی پارە بۆ بێدەنگکردن ڕۆژی سێشەممە دەستیپێکرد، پارێزەرە بەرگریکارەکەی ترامپ بە 12 ئەندامەکەی دەستەی سوێندخۆرانی وت کە پێویستە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بێتاوان بێت لە سەرجەم ئەو 34 تۆمەتەی کە ڕووبەڕووی بووەتەوە کە گوایە بە شێوەیەکی نایاسایی هەوڵیداوە کاربکاتە سەر دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 کە کردی بە سەرۆکی ئەمەریکا.
پارێزەری بەرگریکار تۆد بلانچ وتی " سەرۆک ترامپ بێتاوانە. هیچ تاوانێکی ئەنجام نەداوە، دادوەریش بە تەواوەتی بەڵگەکانییان نەسەلماندووە. تەواو."
بلانچ دەستبەجێ هێرشی کردە سەر ڕاستی و دروستی قسەکانی شایەتحاڵی سەرەکی داواکاری گشتی، مایکل کۆهین کە ڕۆژێک لە ڕۆژان پارێزەر و ڕێکخەری سیاسیی ترامپ بووە. کۆهین لە ئێستادا دژی ترامپ شایەتی دەدات، پێشتریش بە تۆمەتی درۆکردن لەگەڵ دەستەی سوێندخۆراندا سزا دراوە. کۆهین لە دادگاییکردنە شەش هەفتەیەییەکەی ترامپدا ئاماژەی بەوە داوە کە پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 بڕی 130,000 دۆلاری داوە بە ئەکتەری پۆڕن ستۆڕمی دانیێڵز تاوەکو بێدەنگی بکات و بانگەشەی ئەوە نەکات کە لە ساڵی 2006 دا شەوێکی لەگەڵ ترامپدا بەسەر بردووە.
پارێزەرەکەی ترامپ " چەندین جار " ئەو بابەتەی ڕەت کردووەتەوە و وتی شایەتییەکەی کۆهین " زۆر بە ڕوونی و بە سادەیی، درۆ بوون."
بلانچ وتی " ناتوانیت سەرۆک ترامپ بە هیچ تاوانێک بەدەر لە گومانی ماقوول لەسەر قسەکانی مایکل کۆهین سزا بدەیت."
بلانچ ئاماژەی بەوە داوە کە پێشبینی دەکات قسەکانی لەبەردەم 12 ئەندامەکەی دەستەی سوێندخواردندان نزیکەی 2½ کاتژمێر بخایەنێت. دواتر داواکار جوشوا شتاینگلاس نۆرەی خۆی دێت و هەوڵی ڕازیکردنی دەستەی سوێندخواردن دەدات کە پێویستە ترامپ تاوانبار بکەن. شتاینگلاس بە دادوەری دادگای باڵای نیویۆرک خوان مێرچانی وتووە کە قسەکانی دەتوانێت 4 بۆ 4 1/12 کاتژمێر بخایەنێت.
پێشبینی دەکرێت بەیانی ڕۆژی چوارشەممە مێرچان ڕێنماییە یاساییەکان بۆ دەستەی سوێندخۆران بخوێنێتەوە و دۆسییەکە ڕادەستی ئەندامانی دەستەکە بکات کە لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا بڕیار دەدەن.
بەپێی سیستمی یاسای ئەمەریکا، ئەندامانی دەستەی سوێندخۆران دەبێت بە زۆرینەی دەنگ بڕیار بدەن کە ئایا ترامپ تۆمەتبار بکەن یاخود نا، ئەگەر نەتوانن ڕێکبکەون، ئەوا داواکاران بڕیار دەدەن کە ئایا دۆسییەکە دووبارە بکەنەوە یاخود نا.
بۆ ترامپ، دەرئەنجامی دادگاییکردنەکە زۆر گرنگ دەبێت، نەک تەنها بۆ ئازادی تایبەتیی خۆی بەڵکو بۆ چارەنووسیشی لە سیاسەتدا. ترامپ کاندیدی گریمانەکراوی کۆمارییەکانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2024 دا، بڕیارە لە هەڵبژاردنەکانی مانگی یانزەدا جارێکی دیکە ڕووبەڕووی سەرۆک جۆ بایدنی دیموکرات ببێتەوە کە لە ساڵی 2020 دا بەسەر ترامپدا سەرکەوت.
ڕاپرسییە نیشتمانییەکان دەریدەخەن کە بایدن و ترامپ لە کێبڕکێکاندا زۆر نزیکن لە یەکترەوە، بەڵام هەندێک لە ڕاپرسییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە لایەنگرانی ترامپ ڕەنگە دەنگەکانیان بگۆڕن بۆ بایدن یان بە هیچ شێوەیەک دەنگ نەدەن ئەگەر ترامپ سزا بدرێت.
ئەگەر ترامپ تاوانبار بکرێت، ئەوا دەکرێت لە ژێر چاودێری پۆلیسدا دابندرێت یاخود سزای چوار ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا بسەپێندرێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە ترامپ دڵنیایە لەوەی داوای پێداچوونەوە دەکات و بەردەوام دەبێت لە هەڵمەتەکەی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا.
ترامپ ڕووبەڕووی سێ تۆمەتی دیکە بووەتەوە، دووان لە تۆمەتانەی کە ئاڕاستەی کراون بریتین لەوەی گوایە ترامپ بە شێوەیەکی نایاسایی هەوڵیداوە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 هەڵبوەشێنێتەوە. بەڵام سەرجەم دۆسییەکان لە مشتومڕێکی یاسایی نێوان پارێزەرەکانی و داواکاراندا گیرییان خواردووە. بەهۆی ئەوەشەوە، دادگاییکردنەکەی لە نیویۆرک لەوانەیە یەکەمین دۆسییە بێت کە پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی یانزە تەواو ببێت.
ترامپ زۆر جار ویستوویەتی لە دادگاییکردنەکەدا وەکو شایەتحاڵ بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام ئەوەی نەکرد، کە مافی خۆشی بوو.
داواکاران بانگهێشتی 20 شایەتحاڵییان کردووە بۆ شایەتیدان لەسەر چەندین بەڵگەنامە لەسەر ئەوەی کە کۆهین چۆن لە ساڵی 2017 دا ئەو پارەیەی وەرگرتووەتەوە کە پێشتر خۆی لەسەر داوای ترامپ حەواڵەی پارێزەرەکانی دانیێڵزی کردووە چەند ڕۆژێکی کەم پێش هەڵبژاردنەکان.
کۆهین وتی ترامپ پێی وتووە " ئەو کارە بکە." پارەکە بنێرێت بۆ دانیێڵز، دواتریش دوو جار ئەو پلانەی پەسەند کردووە، جارێکییان پێش ئەوەی وەکو 45هەمین سەرۆکی ئەمەریکا سوێندی یاسایی بخوات و دواتریش لە کاتێکدا کە لە کۆشکی سپی بووە، تەنها سێ هەفتە دوای ئەوەی وەکو سەرۆک دەستبەکاربووە. تیمی پارێزەرانی ترامپ دەڵێن ئەو پارەیەی کە لە ساڵی 2017 دا دراوە بە کۆهین لەسەر ئەو کارە یاساییانەی بووە کە بۆ ترامپی ئەنجام دابوو، نەک پارەی بێدەنگکردنەکە بووبێت.
لەلایەکی ترەوە تیمەکەی ترامپ تەنها دوو شایەتحاڵی بانگهێشتی دادگا کرد، یەکێکییان پارێزەری نیویۆرک ڕۆبەر کۆستیلۆ بوو کە لە ساڵی 2018 دا وتی کۆهین دڵنیای کردووەتەوە کە " هیچ شتێکی دژی ترامپ پێنییە " و ئەو خۆی بووە لەگەڵ دانیێڵزدا ڕێککەوتووە لەسەر ئەو پارەیە نەک ترامپ.
ترامپ داوای لە چەندین یاسادانەری کۆماری کردووە لە ماوەی دادگاییکردنەکە ئامادە بن و پشتگیری لە ترامپ بکەن. سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مایک جۆنسنی کۆماریی زۆر جار بۆ کاتژمێرێک یان دوو کاتژمێر لە ماوەی لێدوانی شایەتحاڵەکاندا لە دادگاییکردنەکەدا ماوەتەوە، دواتر چووەتە دەرەوەی دادگاکە و لێدوانی بۆ ڕۆژنامەنووسان داوە و ڕەخنەی لە شایەتییەکانی دژ بە ترامپ گرتووە، بە تایبەتی شایەتییەکانی کۆهین و دانیێڵز.
هەندێک لە منداڵەکانی ترامپ هەندێک جار ئامادەی دادگاییکردنەکە بوون، بەڵام مێلانیا ترامپی هاوسەری ئامادە نەبووە. ڕۆژی سێشەممە دوو کوڕە گەورەکەی و تیفانی ترامپی کچی ئامادەی دادگاییکردنەکە بوون.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا