دادگاییکردنی دانۆڵد ترامپ لە نیویۆرک لە کۆتاییەکەی نزیک بووەتەوە، ترامپ یەکەمین سەرۆکێکی پێشووی ئەمەریکایە کە ڕووبەڕووی تۆمەتی تاوانکاری بووەتەوە.
ڕۆژی دووشەممە مایکڵ کۆهینی پارێزەری پێشووی دانۆڵد ترامپ کە ئێستا شایەتحاڵی سەرەکییە دژی ترامپ لە دادگادا، دەگەڕێتەوە دادگا و شایەتی دەدات و لەلایەن پارێزەری بەرگرییەوە پرسیاری زیاتری لێدەکرێت و دواتر لەلایەن دادوەریشەوە کۆمەڵێک پرسیاری لێدەکرێت.
ڕۆژی پێنجشەممە کۆهین لە دانیشتنەکەی دادگادا وتی لە چەند ساڵی ڕابردوودا درۆیەکی زۆری کردووە، بە 12 ئەندامەکەی دەستەی سوێندخۆرانی دادگاکەی وت کە هەندێک جار درۆی کردووە بۆ یارمەتیدانی ترامپ و هەندێک جاریش درۆی کردووە بۆ پاراستنی خێزانەکەی.
لە ژێر چەندین پرسیاری ماندووکەردا، پارێزەری بەرگری ترامپ تۆد بلانچ هەوڵیدا کۆهین وەکو کەسێک دەربخات کە نەتوانرێت باوەڕی پێبکرێت، دەیویست بە شێوەیەک پیشانی بدات کە کۆهین ڕاستگۆ نییە و هەڵخەڵەتێنەرە و گومانلێکراوە.
دۆسییەکە لەسەر ئەوەیە کە کۆهین پێش هەڵمەتە سەرکەوتووەکەی ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 ی ئەمەریکادا بڕی 130,000 دۆلاری داوە بە ئەکتەری پۆڕن ستۆڕمی دانیێڵز تاوەکو بێدەنگی بکات و باس لەوە نەکات کە گوایە 10 ساڵ لەوەوبەر بۆ شەوێک لەگەڵ ترامپدا بووە، ئەوەش لە پێناو ئەوەی ئەو زانیارییە بشاردرێتەوە لە دەنگدەران لە کاتێکدا کە دەنگدەران بەرەو سندووقەکانی دەنگدان دەچوون.
بەڵگەکانی دادگاییەکە دەریدەخەن کە ترامپ لە ساڵی 2017 دا دوای ئەوەی بووە بە سەرۆک ئەو پارەیەی داوەتەوە بە کۆهین، ترامپ تۆمەتبار کراوە بەوەی تۆمارەکانی کارەکانی ساختە کردووە و بانگەشەی ئەوەی کردووە ئەو پارەیەی کە داوییەتی بە کۆهین لەسەر کارە یاساییەکانی کۆهین بووە.
کۆهین شایەتی داوە کە ئەو پارەیەی لە ترامپی وەرگرتووەتەوە ئەو پارەیە بووە کە داوییەتی بۆ بێدەنگکردنی ستۆڕمی دانیێڵز، نەک پارەی کارە یاساییەکانی بووبێت. هەروەها شایەتی داوە کە ترامپ دووجار ئەو پلانەی پەسەند کردووە، جارێکییان لە ترامپ تاوەر لە نیویۆرک و جارێکی دیکە لە کۆشکی سپی دوای ئەوەی کە بووە بە سەرۆکی ئەمەریکا.
ترامپ بانگەشەکەی دانیێڵزی ڕەت کردووەتەوە و دەڵێت پەیوەندی لەگەڵیدا نەبووە، هەروەها سەرانسەری تۆمەتەکە ڕەت دەکاتەوە.
کۆهین دوایین شایەتحاڵە لە 19 شایەتحاڵەکەی دژی ترامپ.
لە کاتێکدا کە دادگاییکردنەکە خەریکە تەواو دەبێت، تیمی بەرگریی ترامپ ئەگەرێکی زۆری هەیە داوا لە دادوەری دادگای باڵا خوان مێرچان بکەن سەرجەم 34 تۆمەتەکەی دژ بە ترامپ هەڵبوەشێنێتەوە، ئەم داواکارییەش لە دادگاکانی تاوانی ئەمەریکادا بە دەگمەن جێبەجێ کراوە.
ئەگەر مێرچان ئەو داوایە ڕەت بکاتەوە، ئەوا تیمە بەرگرییەکەی ترامپ دەتوانن شایەتحاڵەکانی خۆیان بانگ بکەن لە بری ترامپ، بەڵام هیچ ئاماژەیەکییان نەداوە لەسەر ئەوەی ئەو کارە دەکەن یاخود نا. ترامپ وتوویەتی کە دەیەوێت بۆ بەرگریکردن لە خۆی شایەتی بدات، بەڵام بەپێی یاسا ئەوە پێویست ناکات و شیکەرەوە سیاسییەکانی ئەمەریکاش دەڵێن ئەوە ڕەنگە ڕوونەدات چونکە بەرگریکاران زۆرجار لە ماوەی شایەتیدانییاندا زیان بە خۆیان دەگەیەنن وەک لەوەی یارمەتی خۆیان بدەن.
ئەگەر ترامپ شایەتی بدات، مێرچان پێشتریش فەرمانیکردووە کە دادوەران دەتوانن پرسیاری لێبکەن سەبارەت بە دوو دۆسییەی سڤیلی دژ بە ترامپ کە لەم چەند مانگەی ڕابردوودا شکستی هێنا تێیاندا و فەرمانی پێکرا سەدان ملیۆن دۆلار وەکو سەرپێچی بدات. یەکێکییان دۆسییەی ساختەکاری بوو لە کارەکانی کۆمپانیای خانووبەری ترامپدا.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا