Accessibility links

ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لەم هەفتەیەدا 80 هەزار کەس لە ڕەفەح هەڵاتوون


ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرە فەلەستینییەکان ناسراو بە UNRWA ، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، لە ڕۆژی دووشەممەوە نزیکەی 80 هەزار کەس لە ڕەفەح هەڵاتوون، کاتێک ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانی لە باشووری کەرتی غەززە چڕکردووەتەوە.

ئاژانسەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی " کاریگەری ئەم ڕووداوانە لەسەر خێزانەکان ئەوەندە زۆرە بەرگەی ناگیرێت."

ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی "بەردەوام دەبێت لە شەڕی دژی حەماس تا لەناوی دەبات."

لێدوانەکانی ئەو ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنەکەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا بوو کە گوتی ئەمەریکا چەکی هێرشبەر بۆ ئیسرائیل دابین ناکات تا لە ڕەفەح بەکاری بهێنێت، هاوکات پابەندبوونی خۆیشی بۆ بەرگری ئیسرائیل دووپاتکردەوە.

ئەم هەنگاوە دوای چەند هەفتەیەک بوو لەوەی بەرپرسانی ئەمەریکایی دژایەتی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بە پلانەکانی ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ڕەفەح، لە کاتێکدا بەرپرسانی ئیسرائیل ئاماژەیان بە پێویستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک لەوێ کرد بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجەکانی شکستپێهێنانی حەماس و دەستەبەرکردنی ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لە غەززە دەستبەسەرکراون.

شایەتحاڵەکان هەواڵی تۆپبارانی ئیسرائیلیان لە ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری ڕەفەح ڕاگەیاند و سوپای ئیسرائیلیش هەواڵی لێدانی پێگەکانی حەماسی لە ناوەڕاستی غەززە ڕاگەیاند.

بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە، لەنێویاندا سووتەمەنی، ئەمەش لە هاوکاتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی ڕەفەح.

ڕەفەح دەروازەیەکی سەرەکییە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان لە میسرەوە لە کاتێکدا دەروازەیەکی نزیک بە ناوی کەرەم شالوم ڕێگە بە دەربازبوونی بارەکان دەدات لە ئیسرائیلیەوە بۆ باشوری غەززە.

سوپای ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە دەروازەی کەرەم شالومیان کردووەتەوە، بەڵام ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە تا ئێستا هیچ هاوکارییەکی مرۆیی نەچووەتە ناو خاکی فەلەستینییەکان چونکە هیچ کەسێک ئامادە نەبووە بۆ وەرگرتنی ئەو یارمەتییە دوای ئەوەی کرێکاران ناوچەکەیان بەجێهێشت بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لە نزیک ئەو وڵاتە.

لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا دەروازەی کەرەم شالوم داخرا، دوای ئەوەی لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکیی بزووتنەوەی حەماسدا چوار سەربازی ئیسرائیلی کوژران. ڕۆژی سێشەممە، لیوایەکی تانکەکانی ئیسرائیل دەستیان بەسەر دەروازەی ڕەفەحی نێوان غەززە و میسردا گرت.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایدەگەیەنێت، نزیکەی ملیۆنێک و 200 هەزار کەس کە زیاتر لە نیوەیان مناڵن، پەنایان بۆ ڕەفەح بردووە.

بەشێکی زۆریان لە ناوچەکانی دیکەی غەززەوە ڕۆشتوون بۆ گەڕان بەدوای پەنایەکی سەلامت بۆ خۆیان ومنداڵەکانیان لە کاتێکدا هەڵمەتی ئیسرائیل دژی حەماس بەشێکی زۆری کەرتی غەززەی وێران کردووە.

شەڕی ئیسرائیل و حەماس بەهۆی هێرشی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەر بۆ سەر باشووری ئیسرائیل دەستیپێکرد کە بە پێی کاربەدەستانی ئیسرائیل بووە هۆی کوژرانی 1200 کەس و بەبارمتە گرتنی زیاتر لە 250 کەس. نزیکەی 100 لەو بارمتانە لە ئاگربەستێکی یەک هەفتەییدا لە کۆتایی مانگی 11 ئازاد کران.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر حەماس زیاتر لە 34 هەزار کەس کوژراون سێ بەشی ژن و منداڵن.

لەشکری ئیسرائیل دەڵێت ژمارەی کوژراوەکان بریتین لە هەزاران چەکداری حەماس.

مارگرێت بەشیر بەشدار بووە لە نوسینی ئەم ڕاپۆرتەی کە بەشێک لە زانیارییەکانی لە ئاژانسەکانی Ap, AFP و ڕۆیتەرز وەرگیراوە.

XS
SM
MD
LG