Accessibility links

هاوکاتی توندتربوونی شەڕەکان لە لە دەوروبەری ڕەفەح، ئەمەریکا ناردنی بارێکی چەکی قورس بۆ ئیسرائیل ڕادەگرێت


بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ڕایگەیاند هەفتەی ڕابردوو ئەمەریکا بارێکی بۆمبی بەهێزی بۆ ئیسرائیل ڕاگرتووە، ئەمەش بۆ ئەوەی فشار بخاتەسەر ئیسرائیل تاکو لە هێرشەکەی بۆ سەر باشووری غەززە پاشگەز ببێتەوە و دەرفەتی زۆرتر بدات بۆ گەیشتن بە ئاگربەست.

بەرپرسەکەی بەڕێوبەرایەتی بایدن کە نەیویستووە ناوکەی ئاشکرا بکرێت، ڕۆژی چوارشەممە 8ی مانگی پێنج بە سی بی ئێس نیوزی ڕاگەیاندووە کە بارەکە 1800 بۆمبی 2 هەزار پاوندی و 1700 بۆمبی 500 پاوندی لەخۆگرتووە.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردووە ئیسرائیل "بەتەواوی چارەسەری" نیگەرانییەکانی ئەمەریکای نەکردووە سەبارەت بە پێداویستییە مرۆییەکانی خەڵکی مەدەنی لە ڕەفەح.

بە وتەی ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەمەریکا، گفتوگۆکانی نێوان ئیسرائیل و ئەمەریکا سەبارەت بە پێویستی چارەسەرکردنی نیگەرانییەکان سەبارەت بە دۆخی پەناگەی خەڵکی مەدەنی لە ڕەفەح لە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئەم ناوچەیە بەردەوامە، بەڵام نیگەرانییەکانی کۆشکی سپی لەمبارەیەوە هێشتا بە تەواوی چارەسەر نەبووە.

ئیسرائیل تا ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم هەواڵە نەداوە.

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا مانگی چوار بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی ئاگادار کردەوە کە سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر بە غەززە پەیوەستە بە چۆنیەتی مامەڵەکردنی ئیسرائیل لەگەڵ هاووڵاتیانی مەدەنی. ئەمە یەکەمجارە کە بەڕێوبەرایەتی بایدن هەنگاو لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بەم هۆشدارییەوە دەنێت.

میدیا ئیسرائیلییەکان بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتە داراییەکانی وەزارەتی دارایی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە نزیکەی نیوەی ئەو چەکانەی سوپای ئەو وڵاتە لە شەڕی ئێستای غەززە بەکاریان هێناوە، لە ئەمەریکا کڕدراون.

دوای 215 ڕۆژ لە شەڕی غەززە، سوپای ئیسرائیل 7ی مناگی پێنج هێرشی کردە سەر بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە و بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممەش رایگەیاند بەشی ڕۆژهەڵاتی ڕەفەحی بە تەواوی کۆنترۆڵ کردووە.

باشووری غەززە لە ئێستادا زیاتر لە یەک ملیۆن و 300هەزار فەلەستینی تێدایە کە لە باکووری ئەم ناوچەیەوە پەنایان بۆ ڕەفەح بردووە.

هاوکات یۆئاڤ گاڵانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل هۆشداریی داوە لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکان بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانەی کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون، سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان "چڕتر دەکاتەوە."

ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرۆکی ئەمەریکا شەوی دووشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ داوای لە ئیسرائیل کرد خۆی لە درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح بەدوور بگرێت.

هەڵمەتی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە پاش ئەوە دەستیپێکرد کە لە 7ی مانگی 10 حەماس هێرشێکی بێپێشینەی کردە سەر ئیسرائیل و لە ئەنجامدا 1200 کەس کوژران و نزیکەی 300 کەسیش بە بەرامتە گیران، کە هێشتا چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی 100 کەس لە ژێر دەستی حەماسدا مابن.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG