Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئیسڕائیل ڕێگەی نەداوە دەستی بگات بە خاڵی سنووری ڕەفەح


ڕۆژی سێشەممە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند بەرپرسانی ئیسڕائیل ڕێگەیان نەداوە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی بگات بە خاڵی سنووری ڕەفەح کە لە ئێستادا داخراوە، شوێنەکەش خاڵی سەرەکییە بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە.

وتەبێژی دەزگای مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان یانس لایرک وتی ڕێگە نەدان بە گەیاندنی سوتەمەنی بە خاڵە سنوورییەکەدا بۆ غەززە مەترسی دروست دەکات لەسەر کۆتایی هێنان بە ئەرکەکانی یارمەتییە مرۆییەکان.

وتی خاڵی سنووری ڕەفەح لەگەڵ میسڕدا " لە ئێستادا لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیلدایە و پێمان وتراوە کە لە ئێستادا ناتوانرێت هیچ کەس و شتومەکێک لەو خاڵەوە بپەڕێتەوە بۆ ناو غەززە."

وتیشی " لە ئێستادا هیچ بوونێکمان نیە لە خاڵی سنووری ڕەفەح، چونکە دەستڕاگەیشتنمان بەو ناوچەیە بە مەبەستی هەماهەنگییەکان لەلایەن دەزگای کۆگاتی ئیسڕائیلەوە ڕەت کرایەوە." ئەو دەزگایە سەرپەرشتی ئەو شتومەکانە دەکات کە دەچنە غەززەوە.

خاڵی سنووری کەریم شاڵۆم لە ئیسڕائیلەوە بۆ ناو غەزە لە ڕۆژی یەکشەممەوە داخراوە، ئەوەش دوابەدوای هێرشەکان.

لایرک وتی " دوو دەمارە هەرە سەرەکییەکەی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە لە ئێستادا داخراون."

وتیشی لە ئێستادا کە خاڵی سنووری ڕەفەح داخراوە، ناتوانرێت هیچ سوتەمەنییەک بگەیەندرێتە غەززە چونکە ئەو خاڵە سنوورییە تەنها خاڵ بووە بۆ گەیاندنی سوتەمەنییەکان، وتیشی بەبێ ئەوە " کارەکانمان کەوتووەتە مەترسییەوە." کارەکان دەوەستن ئەگەر سوتەمەنی نەیەتە ناوەوە.

سوپای ئیسڕائیل وتی لە شەوی ڕابردووەوە " کۆنتڕۆڵی ئەرکەکانی " لە خاڵە سنوورییەکەی کردووە لەو دیوی ڕەفەحەوە. وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل نەداڤ شوشانی وتی پێش ئەرکەکانی ڕەوانەکردنی تانکەکان بۆ ڕەفەح، هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل داوایان لە دانیشتوان کردووە " بۆ ماوەیەکی کاتی بگوازنەوە بۆ ناوچە مرۆییە فراوانکراوەکان لە ئەل مەواسی."

وتیشی " لەوێ ئیسڕائیل کارئاسانی کردووە لە دانانی نەخۆشخانەی کاتی و خێمە و ئاوی زیاتر و خۆراک و پێداویستی تەندروستی."

وتیشی داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش کراوە چۆڵی بکەن، ئەوانیش ئەو کارەیان کردووە.

جەیمس ئێڵدەری وتەبێژی ڕێکخراوی یونیسێفی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی هەموو ئاگادارکردنەوەکان و هەموو چیرۆکەکانی ئەو منداڵانەی کە دەکوژرێن و بریندار دەبن پشتگوێ خراون.

وتی " گەورەترین ترسمان، خەوی ناخۆشی غەززەییەکان، وادیارە کە دەبێتە ڕاستی."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG