Accessibility links

سودانییەکان ئاواتەخوازی ئاشتین لە جەژندا


سەدان موسڵمان لە شاری پۆرت سودان بەشدارییان لە مەڕاسیمی نوێژی جەژنی ڕەمەزاندا کردووە و هیوای ئاشتی و ئاسایشییان خواستووە لە وڵاتەکەیاندا و هیواش دەخوازن ئاشتی بێتە ئاراوە لە نێوان لایەنە بەشەڕچووەکانی وڵاتەکەیاندا.

قەیرانی خوێناوی نێوان لەشکری سودان و هەروەها هێزی نیمچە لەشکریی پشتیوانیی خێرا، نزیک بۆتەوە لە یەک ساڵ.

هێزە نیمچە لەشکرییەکەی پشتیوانیی خێرا دەستیگرتووە بەسەر شاری خەرتوم پایتەختی سوداندا.

لەوەتای ئەم شەڕە دەستیپێکردووە زیاتر لە 8 ملیۆن و 500 هەزار کەس ئاوارەبوون و ڕێکخراوەکانی فریاگوزاری و کۆمەک کردنیش ئاگاهی دەدەن لەوەی برسێتی لە سوداندا ئەگەرێکی نزیکە.

سودان سێهەم گەورەترین وڵاتی ئافریکایە.

بێجگە لە خەرتوم، هێزە نیمچە لەشکرییەکەی پشتیوانیی خێرا، دەستیشی گرتووە بەسەر هەرێمی جزیرە و دارفور و هەروەها بەشیکی زۆری ناوچەی کۆردۆفان لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە.

لەشکری سودان، هێشتا دەسەڵاتی لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوداندا هەیە بە پۆرت سودانیشەوە کە شارێکی بەندەرییە لەسەر دەریای سوور.

ئەمەریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو هیوادارە دوای مانگی ڕەمەزان وتووێژی ئاشتیانە دەستپێبکەنەوە، هەرچەندە دانوستاندنەکانی پێشتریان هیچ ئەنجامێکیان نەبووە تا ئاگربەستێک بێتە ئاراوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG