Accessibility links

لە دوای هەڵبژاردنەکانی پاکستان، ئەمەریکا داوای ئازادی گردبوونەوە لەو وڵاتەدا دەکات


ئەمەریکا داوای ڕێزگرتن لە ئازادی کۆڕ و کۆبونەوە دەکات لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی پاکستان هۆشداریی دەدەن ناڕەزایەتییەکانی لایەنگرانی عمران خان سەرۆک وەزیرانی زیندانیکراو قەدەغە بکەن دوای ئەوەی کوتلەکەی بە شێوەکی سەرسوڕهێنەر لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

ماثیو میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بەکارهێنانی یاسایەکی سەردەمی کۆلۆنیالیزم لەلایەن پۆلیسی پاکستانەوە لە دژی کۆبوونەوەی گشتی، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند " دەمانەوێت لە هەموو شوێنێکی جیهان ڕێز لە ئازادی گردبوونەوە بگیرێت."

کاندیدە سەربەخۆکانی هەڵبژاردنەکانی پاکستان کە زۆربەیان سەر بە پارتی تەحریکێ ئینسافی پاکستانی (PTI) عمران خانن، زۆرترین کورسییان لە هەڵبژاردنەکەدا بەدەستهێنا، ئەمەش چانسی بەدەستهێنانی زۆرینەی ڕەهای بۆ پاکستان موسلیم لیگ-ن (PML-N) بە سەرۆکایەتی نەواز شەریف کە لەلایەن سوپاوە پشتگیری دەکرێت، لەناوبرد.

سەربەخۆکان ناتوانن بە تەنها حکومەت پێکبهێنن، ئەمەش ترسی نادڵنیایی سیاسی درێژخایەن دروستدەکات، لە کاتێکدا سەرکردەکانی PTI ئیدیعای ساختەکاری دەکەن و داوای خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە دەرەوەی نووسینگەکانی هەڵبژاردن دەکەن.

ماثیو میلەر داواکارییەکانی ئەمەریکای دووپاتکردەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە ئیدیعاکانی ساختەکاری، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە ئەنجامەکان دەنگێکی زیندووی نیشاند داوە.

میلەر گوتی "ئێمە پێمانوایە کە ئیدیعاکانی ساختەکاری پێویستە لێکۆڵینەوەی تەواویان لەسەر بکرێت. کە گوتراوە، بەڕوونی هەڵبژاردنێکی زیندوو بووە کە خەڵک توانیویانە مافی هەڵبژاردنی خۆیان بەکاربهێنن."

وتیشی "لە کۆتاییدا ڕێز لە پرۆسەی دیموکراسی دەگرین و ئامادەین کاتێک حکومەت پێکهات لەگەڵیدا کاربکەین."
ئیلهان عومەر ئەندامی ئنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کە بە هۆی ڕەخنە ڕاشکاوانەکانی لە هیندستان، ناوبانگی لە پاکستان دەرکەوتووە، هەفتەی ڕابردوو داوای لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کرد خۆی لە دانپێدانان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بپارێزێت تا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی ڕەفتاری نادروست لە هەڵبژاردنەکاندا دەکرێت.

ئەمەریکا بۆ شەڕی دوو دەیەی لە ئەفغانستان پشتی بە پشتیوانی لۆجستی پاکستان بەستبوو، بەڵام زۆرێک لە بەرپرسانی ئەمەریکا پێیان وایە پشتگیری بێدەنگی ئیسلامئاباد بۆ تاڵیبان یەکێک بوو لە هۆکارەکانی ڕووخانی ئەو حکومەتەی کە ڕۆژئاوا پشتیوانی دەکرد لە ساڵی 2021.

بەڕێوەبەرایەتی بایدن خۆی لە پاکستان بە دوور گرتووە، سەرۆک بایدن تەنانەت بە تەلەفۆنیش لەگەڵ خان قسەی نەکردووە، کە ڕەخنەگرێکی سەرەکی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا بوو.

XS
SM
MD
LG