Accessibility links

هاوپەیمانەکانی عمران خانی سەرۆک وەزیری پێشووی پاکستان لە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکاندا لە پێشەنگدان


ڕۆژی یەکشەممە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی پاکستان ڕاگەیەندران، هاوپەیمانەکانی سەرۆک وەزیری پێشووی پاکستان عمران خانی زیندانیکراو زۆربەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نیشتیمانییان بە دەستهێناوە، بەڵام ئەوەندە نیە کە بتوانن ببنە زۆرینە لە ئەنجومەنەکەدا.

لە ماڵپەڕی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی پاکستاندا دەرکەوتووە کۆمەڵێک لە کاندیدە سەربەخۆکان کە لەلایەن پارتەکەی عمران خان تەهریکی ئینسافی پاکستانەوە پشتیوانییان لێکراوە، 101 کورسییان لە کۆی 266 کورسییەکەی پەرلەمانی وڵاتەکەدا بە دەستهێناوە.

لە پلەی دووەمیشدا پارتەکەی سەرۆک وەزیری پێشووی پاکستان نەواز شەریف دێت، بە جۆرێک 75 کورسی بە دەستهێناوە و بووە گەورەترین پارتی پەرلەمانی، چونکە کاندیدە سەربەخۆکان وەکو تاک خۆیان هەڵبژاردووە، نەک وەکو بەشێک لە پارتێکی سیاسیی.

پارتی گەلانی پاکستان، پارتەکەی وەزیری دەرەوەی پێشووی پاکستان بیلاوەل بوتۆ زارداری بە بردنەوەی 54 کورسی پلەی سێیەمی بە دەستهێنا، پارتە بچووکەکانی دیکەش کورسییەکانی دیکەیان بە دەستهێناوە.

ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان لەلایەن کۆمسیۆنەوە دوای سێ ڕۆژ هات لە کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی پێنجشەممە، لە هەڵبژاردنەکاندا خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیکردن و ئینتەرنێت ڕاگیران، ئەوەش بەهۆی هۆکاری ئاسایشەوە.

دواخستنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و ڕاگرتنی پەیوەندییەکان، گومانی دروست کرد لەسەر ڕاستیی هەڵبژاردنەکان، ئەو بانگەشانەی پتەوتر کرد کە دەیانوت گوایە ئەنجامەکان لە بەرژەوەندی ئەو پارتانە یارییان پێدەکرێت کە لەلایەن سوپاوە پشتیوانییان لێدەکرێت.

کاندیدەکانی خان وەکو سەربەخۆ خۆیان هەڵبژارد، چونکە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان چەند هەفتەیەک پێش هەڵبژاردنەکان بەشداریکردنی پارتی تەهریکی ئینسافی پاکستانی لە هەڵبژاردنەکاندا قەدەغە کرد.

ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان دەریدەخات کە هیچ کام لە پارتەکان ئەوەندە کورسییان بە دەست نەهێناوە تاوەکو ببنە زۆرینە و بتوانن بە شێوەیەکی سەربەخۆ حکومەت پێک بهێنن، ئەمەش ئەو هیوایانەی لە ناوبرد کە دەوترا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕەنگە یارمەتیدەر بن لە کۆتایی هێنان بەو قەیرانە سیاسییەی کە ڕووبەڕووی پاکستان بووەتەوە. لە ساڵی 2022 دا پەرلەمانی پاکستان متمانەی لە عمران خانی سەرۆک وەزیری ئەو کاتەی پاکستان سەندەوە، ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی قەیرانە سیاسییەکە.

خان لە ئێستادا سزای 14 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە و قەدەغە کراوە لەسەری پۆستی گشتی وەربگرێت.

سەرکەوتنی کاندیدە سەربەخۆکان لە کاتێکدایە کە پێش هەڵبژاردنەکان هەڵمەتێکی سەرکوتکاری بە پشتیوانی سوپا دژی سەرکردایەتی پارتەکەی خان بەڕێوەچوو. ڕێگەیان نەدرا هەڵمەتی هەڵبژاردن بکەن و سەدان کەسییان دەستگیرکران، زۆرێک لە کاندیدەکانیش ناچار بوون لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا خۆیان حەشار بدەن.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان وتی بەهۆی " کێشەی پەیوەندییەوە " ئەنجامەکان دواخراون.

حکومەتە کاتییەکەی پاکستان کە لەلایەن سوپاوە پشتگیری لێدەکرێت داکۆکی لە بڕیاری ڕاگرتنی تۆڕەکانی پەیوەندی کرد لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکاندا، وتی مەبەست لەو کارە پاراستنی پڕۆسەکە بووە لە نێوەندی زیادبوونی هێرشی گروپە چەکدارییەکاندا لە پێش هەڵبژاردنەکان و لە ماوەی هەڵبژاردنەکانیشدا.

شەریف وتوویەتی لەگەڵ پارتەکانی دیکەدا قسە دەکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی هاوبەش لە ئیسلامئاباد. پارتەکەی خانیش بە هەمان شێوە سەرکەوتنی ڕاگەیاندووە و دەڵێت لە پێگەیەکی باشدایە بۆ پێکهێنانی حکومەتێک و " سەرجەم دامەزراوەکانی " پاکستان بەکاردەهێنێت بۆ ڕێزگرتن لە ڕاسپاردەکەی.

نەمانی پەیوەندییەکان لە ڕۆژی پێنجشەممەدا نیگەرانی حکومەتە بیانییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا، بە ئەمەریکا و ڕێکخراوەکانی مافەکانیشەوە.

زیاتر لە 24 ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە ناڕێکی لە هەڵبژاردنەکاندا.

سەرۆکی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مایکڵ مککۆڵ وتی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە " بەردی بناغەی " هەر دیموکراسییەکن و دەبێت پارێزگارییان لێبکرێت.

وتی " هەر تۆمەتێکی گەندەڵی یاخود ساختەکاری دەبێت بە تەواوەتی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، ئەوانەشی بەرپرسن دەبێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. ئەمەریکا پشتگیری لە مافی گەلی پاکستانی دەکات بۆ حکومەتێک کە بە شێوەیەکی دیموکراسییانە هەڵدەبژێردرێت و ڕێز لە سەروەری یاسا و مافەکانی مرۆڤ بگرێت."

ڕۆژی هەینی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەرکۆنەی کۆتوبەندەکانی کرد بۆ سەر دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت و خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیکردن، جەختی لە پێویستییەکان کردەوە بۆ تەوابوونی ئەنجامەکان لە کاتی خۆیدا بە شێوەیەک کە لە ئاست خواستی پاکستانییەکاندا بێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ماثیۆ میڵەر وتی " لەگەڵ چاودێرانی متمانەپێکراوی نێودەوڵەتی و ناوخۆیداین لە هەڵسەنگاندنەکانییاندا لەسەر ئەوەی کە ئەم هەڵبژاردنانە سنووردارکردنی ناڕەوای ئازادی ڕادەربڕین و کۆبوونەوە و گردبوونەوەی ئاشتییانەی لەخۆگرتبوو."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG