Accessibility links

نەواز شەریف بانگەشەی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی پاکستاندا دەکات


نەواز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان،ڕۆژی هەینی بانگەشەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنە نیشتمانییەکان کرد و ڕایگەیاند، پارتە سیاسییەکەی وەک گەورەترین لایەن لە دەنگدانەکاندا دەرکەوتووە و تاوتوێی پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی دەکەن.

شەریف ئاشکرای نەکرد پارتەکەی چەند کورسی بەدەستهێناوە و هێشتا ژماردنەوەی کورسییەکان بەردەوامە.

دوایین ژماردنی کورسییەکان کە لەلایەن پانێڵی هەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکراوەتەوە دەریخستووە کە حزبی موسلیم لیگی پاکستانی نەواز شەریف 42 کورسی بەدەستهێناوە، کە زۆر لە خوار ئەو 133 کورسییەوەیە کە پێویستە بۆ ئەوەی بانگەشەی پێکهێنانی حکومەت بکات.

بەڵام نەواز شەریف ئاماژەی بەوەکردووە جێگرەکانی لە درەنگانی ڕۆژدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە کۆدەبنەوە و باس لە پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی دەکەن.

هەروەها بانگەشەکانی نەواز شەریف دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی هەینی ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە کە دوای ئەوەی نیوەی زیاتر لە دەنگەکان ڕاگەیاندران، کاندیدە سەربەخۆکان کە لەلایەن پارتەکەی عمران خان سەرۆکوەزیرانی پێشووی زیندنیکراوی پاکستانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت، تا ئێستا زۆربەی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکانی پاکستانییان بە دەستهێناوە.

نزیکەی 24 کاتژمێر تێپەڕیوە بەسەر داخستنی سندووقەکانی دەنگداندا و ئەنجامەکانیش بە شێوەیەکی نائاسایی دواخراون، حکومەتیش دەڵێت هۆکاری دواکەوتنی ئەنجامەکان ڕاگرتنی خزمەتگوزارییەکانی تەلەفونەکان بووە، ئەوەش ڕێوشوێنێکی ئاسایشی بوو پێش هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی پێنجشەممە.

لە کۆی 235 کورسی 136 کورسی تاوەکو ئێستا جیاکراونەتەوە، کاندیدەکانی سەربەخۆکان کە لەلایەن عمران خانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت 49 کورسییان بە دەستهێناوە.

هەروەها ڕاپۆرتەکە ئامژەی بەوە کردووە کە پارتەکەی سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان نەواز شەریف 42 کورسی بە دەستهێناوە و پارتی گەلانی پاکستانی بیلاوەل بوتو زارداری 32 کورسی بە دەستهێناوە.

بەپێی سیستمی ئاڵۆزی هەڵبژاردنەکانی پاکستان، کاندیدەکانی سەربەخۆکان ناتوانن بە تەنها حکومەت پێکبهێنن. بەڵام کاندیدە سەربەخۆکان دەتوانن دوای هەڵبژاردنەکان پەیوەندی بە هەر پارتێکەوە بکەن کە خۆیان دەیانەوێت.

عمران خان لە ئێستادا لە زیندایە و پارتەکەشی " پارتی تەهریکی ئینسافی پاکستان " ڕێگەی پێنەدرا بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات، لەبەر ئەوە لایەنگرەکانی خان وەکو سەربەخۆ خۆیان کاندید کرد و بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کرد.

تاوەکو ئێستا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان ڕانەگەیەندراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG