Accessibility links

عمران خان و هاوسەرەکەی بە تۆمەتی هاوسەرگیری نایاسایی سزای 7 ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا دەسەپێندرێت


عمران خان
عمران خان

دادگایەک لە پاکستان بە تاوانی "هاوسەرگیری نایاسایی" سزای حەوت ساڵ زیندانیکردن بەسەر عمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتەدا لەگەڵ بوشرا خانی هاوسەری دەسەپێنێت.

ئەمە سێیەمین جارە لەم هەفتەیەدا عمران خان سزا بدرێت ، ئەوەش لەکاتێکدا هەڵبژاردنە نیشتیمانییەکانی وڵاتەکە بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە بەڕێوەبچێت و خانیش قەدەغەکراوە لەسەری بەشداری تێدا بکات.

خانی 71 ساڵ لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، ئەوەش بە تۆمەتی ئاشکراکردنی نهێنی دەوڵەت. هەروەها سزای 14 ساڵی دیکە زیندانی بەسەر خان و هاوسەرەکەیدا سەپێندرا بە تۆمەتی فرۆشتنی نایاسایی دیارییەکانی دەوڵەت. پارێزەرەکانی خان دەڵێن هەوڵی پێداچوونەوە دەدەن بە هەر سێ دۆسییەکەدا.

خان لە زیندانێکە لە شاری ڕەوالپیندی، هاوسەرەکەشی لە ماڵەکەی خۆیاندا لە نزیک ئیسلامئاباد سزاکەی جێبەجێ دەبێت.

پارتەکەی خان، پارتی تەهریکی ئینسافی پاکستان لە بەیاننامەیەکدا وتی " دوای چەند کاتژمێرێک لە دانیشتنی دادگا، شایەتحاڵەکان پرسیارییان لێنەکرا، دادگاییکردنە گاڵتەجاڕانە بوو کە بوو بە یاسا."

وتیشی " بەو شێوەیەی کە ئەم دادگاییکردنانە بەڕێوەدەبرێن، نیشانەیەکی گەورەی پرسیار لەسەر هەڵبژاردنەکانی 8 ی مانگی دوودا دروست دەبێت. ئەمە دۆسییەیەکی تاقیکردنەوەیە بۆ دەسەڵاتی دادوەری باڵای پاکستان."

دەزگای هەواڵی ئاری وتی خان و هاوسەرەکەی بە 500,000 ڕوپی غەرامە کراون.

دادگاکەی پاکستان دەڵێت بوشرا بی بی خێزانی خان دوای ئەوەی لە هاوسەرەکەی پێشووی جیا بووەتەوە، ئەو ماوەیەی کە دەبێت لەڕووی شەرعییەوە و بە پێی ئیسلام چاوەڕێ بکات پێش ئەوەی جارێکی دیکە هاوسەرگیری بکاتەوە. تەواوی نەکردووە و پێش تەواو بوونی لەگەڵ خان هاوسەرگیری کردووەتەوە.

بوشرا و خان لە مانگی یەکی ساڵی 2018 دا گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەیان واژۆ کرد، لە بۆنەیەکی نهێنیدا حەوت مانگ پێش ئەوەی خان ببێتە سەرۆکوەزیرانی پاکستان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG